سوودانی و عۆن پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی لوبنان، جەختی لە گرنگیی دیالۆگ و هەماهەنگیی عەرەبی کردەوە بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان و بە توندی سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی کرد بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە.
سێشەممە 3ـی ئازاری 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنانەوە پێگەیشت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە میانی پەیوەندییەکەدا تاوتوێی دۆخی هەنووکەیی و پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوە. هەروەها جەخت لەسەر کارکردن بۆ هەماهەنگیی عەرەبی و پەنابردن بۆ لۆژیکی گفتوگۆ کراوەتەوە، بە ئامانجی دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر گەلانی ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکۆنەی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی قەوارەی داگیرکەری کرد بۆ سەر خاکی لوبنان. سودانی ڕوونی کردەوە کە بەردەوامیی ئەو پێشێلکارییانە، هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان هەژمار دەکرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی ئەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ ڕاگرتنی جەنگ و ڕێگریکردن لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی، کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی.