تەندروستی لوبنان: هێڵی گەرمی 24 کاتژمێری بۆ ئاوارەکان تەرخانکراوە

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان نوێترین ئاماری قوربانییانی هێرش و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، هاوکات پلانی حکومەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە و بەهاناوەچوونی ئاوارەکان دەخاتە ڕوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی ئاداری 2026، رەکان نەسرەدین، وەزیری تەندروستی لوبنان، رایگەیاند: بەهۆی دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆ سەر لوبنان، 40 هاووڵاتی کوژراون و 246ی دیکەش بریندار بوون.

وەزیری تەندروستی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: لە دوێنێوە دووشەممە تا ئێستا، ئاماری قوربانیانی دەستدرێژییە زایۆنییەکان گەیشتووەتە 40 کوژراو و 246 بریندار.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی لەناکاو لە قۆناغی داهاتوودا، جگە لە نەخۆشخانە حکومییەکان، پەنا بۆ ژمارەیەک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش دەبەین و هەروەها هێڵێکی گەرمی پەیوەندیی بەردەوام (24کاتژمێری) بۆ ئاوارەکان تەرخان کراوە بە مەبەستی ئاسانکاری لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان.