دەستەی فڕۆکەوانیی سووریا ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی حەلەبی درێژکردەوە
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی و گواستنەوەی ئاسمانی سووریا بڕیاری دا ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و درێژ بکاتەوە.
چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی و گواستنەوەی ئاسمانی سووریا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) بڵاوی کردووەتەوە، بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکان تا کاتژمێر 11:00 شەوی سبەی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی و گواستنەوەی ئاسمانی بڵاوی کردبووە، گەشتەکان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ڕاگیراون.
ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بەردەوامیی پێکدادانە چەکدارییەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەتی کاربەڕێکەری سووریا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لەناو شارەکەدا دێت.
هەروەها بڕیار دراوە سەرجەم ئەو گەشتانەی بڕیار بوو لە حەلەب بنیشنەوە یان لەوێوە دەست پێ بکەن، بگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق، ئەم ڕێکارە وەک هەنگاوێکی پارێزگاری لە سەلامەتیی گەشتیاران و هێڵە ئاسمانییەکان گیراوەتە بەر.