ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر دەکاتەوە و زیاتر لە 58 هەزار کەس ئاوارە بوون

باشووری دەوروبەری بەیرووت
باشووری دەوروبەری بەیرووت

سوپای ئیسرائیل بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک شەپۆلێکی توندی بۆردوومانەکانی بۆ سەر بەیرووت، بعەلبەک و باشووری لوبنان دەستپێکردەوە، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی لوبنان ئاشکرای دەکەن کە بەهۆی هێرشەکانەوە دەیان هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە.

چوارشەممە 4ی ئاداری 2025، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی چڕی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان، لەوانە ناوچەی باشووری دەوروبەری بەیرووت و شاری بعەلبەک. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی دانیشتووانی ئەو ناوچانە.

سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە کەمتر لە کاتژمێرێکدا سێ هێرشی تووندیان کردووەتە سەر ناوچەی "حەدەس" لە ناوچەی باشووری دەوروبەری بەیرووت. سوپای ئیسرائیلیش لەلایەن خۆیەوە رایگەیاندووە کە دەستیان کردووە بە لێدانی "ژێرخانی" حیزبوڵڵا و هۆشداریشیان بە دانیشتووانی گەڕەکی "لەیلەکی" داوە کە ناوچەکە چۆڵ بکەن.

ئاماری قوربانییەکان
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاشکرای کرد، لە زنجیرە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر ناوچەکانی کێوی لوبنان و بعەلبەک، 11 کەس کوژراون و 23 کەس بریندار بوون. تەنیا لە شاری بعەلبەک 6 کەس کوژراون و 15ی دیکەش بریندار بوون. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە دەستپێکی فراوانبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممەوە، تا ئێستا 50 کەس کوژراون و 335 کەسیش بریندار بوون.

هۆشدارییەکانی سوپای ئیسرائیل
ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، هۆشداریی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی 30 شارۆچکە و گوندی باشووری لوبنان کرد و داوای لێکردن "دەستبەجێ" ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بە لانی کەم یەک کیلۆمەتر لێیان دوور بکەونەوە. هاوکات سوپای ئیسرائیل فیرقەی 146ی بەرەو سنوورەکانی لوبنان جوڵاندووە و هێزەکانی لەوێ بەهێزتر کردووە.

زیاتر لە 58 هەزار ئاوارە و دۆخێکی مرۆیی سەخت
دەسەڵاتدارانی لوبنان رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 58 هەزار کەس لە باشووری لوبنان، بەقاع و دەوروبەری بەیرووت ئاوارە بوون.

لەلایەکی دیکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە بە لانی کەم 30 هەزار کەس لە ناوخۆی لوبناندا ئاوارە بوون. بابار بلۆش، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە جنێڤ رایگەیاند، نزیکەی 30 هەزار کەس لە ناوەندە گشتییەکان نیشتەجێ کراون، بەڵام ژمارەیەکی زۆرتر بەهۆی نەبوونی شوێن، ناچار بوون شەو لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا و لە کەناری رێگاکان رۆژ بکەنەوە.