کەرکووک.. هۆشداریی لە جمووجۆڵی داعش دەدرێت

ناوچەی وادی خەناجیر و زغەیتون کە دەکەوێتە نێوان هەر سێ پارێزگای کەرکووک، تکریت و نەینەوا، دوایین پێگەکانی داعش بوون کە کۆنترۆڵ کرا، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، مەترسی داعش کۆتایی هاتووە.

نەشئەت شاوێز، سەرۆکی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە وادی زغەیتون ئۆپەراسیۆنێکی زۆر زۆر باش دەکرێت، ناویشی دەگۆڕێت لە وادی زغەیتون و بۆ وادی زەیتون، هەروەها ئێستا هاتوچۆ بۆ ئەو ناوچەیە زۆر زۆر ئاساییە.

بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە هەندێک شوێن زیاتر لە 30 کیلۆمەترە، شارەزایان دەڵێن بەبێ هەواڵگرییەکی بەهێز و پەیوەندی پتەو، کۆتایی بە مەترسی داعش نایەت.

شارەزایەکی سیاسی ڕایگەیاند، نەبوونی کورد بۆشاییەکی ئەمنی دروست کردووە، هەروەها پێویستە ئەو ناوچانە لەسەر بنەمای هاوبەش بەڕێوەببرێت، وەکو ئەوەی کە لە ماددەی 140 هاتووە، ئەمانە پاشگەزبوونەوەی حکوومەتی عێراقە لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ لایەنی کورد لە ناوچەکە نەکردبێت.

لە ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی داعش زیاتر لە 10 جار بە شێوەی جۆراوجۆر هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی عێراق. ئەو ناوچانەی خۆیان لێ حەشارداوە دەشت و دۆڵ و چیایە، بۆیە کۆنترۆڵکردنی کارێکی قورسە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک دەڵێت کە توانیومانە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا 43 چەکداری داعش بکوژین و چەندین ناوچە کۆنترۆڵ بکەین، بەڵام بەشێک لە شارەزایانی ئەمنی و سەربازی دەڵێن، هیچ هێزێک نییە بتوانێ لە باشووری کەرکووک، ئەم ناوچانە بە یەکجاری کۆنترۆڵ بکات و کۆتاییهێنانی مەترسی داعش ڕابگەیەنێت.