چەندین تانک و زرێپۆشی چەکدارانی حکوومەتی کاتی سووریا لە حەلەب سووتێنران
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری حەلەب هێرشێکی وشکانی و ئاسمانیی بەرفراوانی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی سووریایان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تێکشکاند و زیانێکی زۆری گیانی و سەربازییان بە هێرشبەرەکان گەیاند.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026،، دوای 3 ڕۆژ لە تۆپبارانی چڕ بە تانک و موشەکی گراد، چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق هێرشێکی گشتگیریان بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان دەستپێکرد.
هێرشەکە بە بەشداریی زیاتر لە 60 تانک و زرێپۆش و هەزاران چەکدار و بە پاڵپشتیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرا، بەڵام لە بەرەکانی ئەشرەفییە، کاستێلۆ و گۆڕستانەکان، ڕووبەڕووی بەرگرییەکی توند بوونەوە.
لە ئەنجامی ئەم بەرپەرچدانەوەیەدا، تانکێک و 5 ئۆتۆمبێلی سەربازیی هێرشبەرەکان بە تەواوی تێکشکێنران و 7 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیش خرانە خوارەوە، هاوکات دەیان چەکداری هێرشبەر کوژران و چەکدارەکانیان ناچار بە ڕاکردن و پاشەکشە کران.
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی دیمەشق هەوڵی داگیرکردنی ئەم گەڕەکانە و کۆچبەرکردنی زۆرەملێی دانیشتووانەکەی دەدەن کە گەڕەکی کوردنشینن، هێزە ئەمنییەکان لە حەلەب جەخت دەکەنەوە کە ئەم هێرشە هیچ پاساوێکی یاسایی و سەربازیی نییە و حکوومەتی کاربەڕێکەری سووریا بە بەرپرسیاری یەکەمی تێکچوونی دۆخەکە و گیانی مەدەنییەکان دەزانن، تێکشکاندنی ئەم هێرشە گەورەیە لە 8ی کانوونی دووەمی 2026، ئاستی ئامادەباشیی هێزە بەرگریکارەکان نیشان دەدات لە بەرانبەر ئەو پلانە سەربازییانەی کە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە ئاوەدانەکانی حەلەب لە ڕێگەی هێز و چەکی قورسەوە داڕێژراون.