ترەمپ: پرەنسیپە ئەخلاقییەکانم سنوور بۆ دەسەڵاتە سەربازییەکانم لە جیهاندا دادەنێن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هیچ یاساییەکی نێودەوڵەتی نایانوەستێنێت، بەڵکو تەنیا پابەندە بە قەناعەتە کەسییەکانی و پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی خۆی.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، ئامادەیە هێز بەرانبەر هەر وڵاتێک لە جیهاندا بەکاربێنێت ئەگەر خۆی بە پێویستی بزانێت.
سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنەکەی کە لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بوو، ئاماژەی بەوە کرد، هەست بە بوێرییەکی زۆر دەکات بۆ سەپاندنی هەژموونی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهاندا.
سەبارەت بە دۆخی ڤەنزوێلا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: ڕەنگە وڵاتەکەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەو دۆسیەیەسەرقاڵ بێت و گوتی: هەڕەشەی کردەی سەربازیی ڕاستەوخۆ، وەک بژاردەیەک لەسەر مێز دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی دۆخەکە بەو ئاراستەیەدا دەچێت کە واشنتن دەیەوێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ هۆشداریی لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی زیاتر لە وڵاتی نێجیریا دژی ڕێکخراوی داعش دا.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی پێشووتری سەردەمی جەژنی لەدایکبوون دەبوو تەنیا یەک جار بن، بەڵام ئەگەر کوشتنی مەسیحییەکان لەو وڵاتە بەردەوام بێت، ئەوا هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکاش بە شێوەیەکی توند و دووبارە دەبنەوە.
سەرەڕای ئەوەی ڕاوێژکارە باڵاکانی بواری ئەفریقا پێیان ڕاگەیاندووە کە قوربانییانی دەستی داعش و بوکۆ حەرام زۆربەیان موسڵمانن، بەڵام ترەمپ سوور بوو لەسەر تێڕوانینی خۆی و ڕایگەیاند: بڕوای وایە زۆرینەی کوژراوەکان کریستیانن.
سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆیی و پرسی ڕەگەزنامە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئیدارەکەی هەنگاوی جددی دەنێت بۆ کێشانەوەی ڕەگەزنامە لەو کەسانەی کە لە ڕێگەی کۆچبەری و نیشتەجێبوونەوە بوونەتە هاووڵاتی ئەمەریکی، بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە بە ڕەچەڵەک سۆماڵین.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد، بێ دوودڵی ئەم کارە دەکات ئەگەر هەست بکات ئەو کەسانە ڕاستگۆ نین، چونکە بە بڕوای ئەو زۆرێک لە کۆچبەرە سۆماڵییەکان ڕقیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.