نوعمان کورتوڵموش: پێویستە کۆتایی بە گرژییەکانی حەلەب بهێندرێت

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە هەرچی زووە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار لە سووریا جێبەجێ بکرێت و هەسەدە تێکەڵ بە حکوومەتی نوێی سووریا بێت.

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: لەنزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سووریا دەکەین، رێگە نادەین یەکپارچەیی خاکی سووریا تێکبدرێت، پێویستە لەسەر یەکگرتوویی و برایەتی لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێ هاوبەش بن، پێویستە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 10ی ئاداردا ھەرچی زووە تێکەڵبوونی ھەسەدە بە حکوومەتی نوێی سووریا دەستەبەر بکرێت، ئامانجمان ئەوەیە بە زووترین کات کۆتایی بەو گرژییانەی حەلەب بهێندرێت و هەموو لایەنەکان پابەندبن بە ڕێککەوتنی 10ی ئادار.

ڕۆژی سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبی سووریا هێرشی کردە سەر هەردوو گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.