فەتحوڵڵا حوسێنی: دیمەشق تەنیا پایتەختی یەک نەتەوە و تائیفە نییە
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە چارەسەرێکی بەپەلە بدۆزرێتەوە و کۆتایی بەم هێرش و پەلاماردانانە بۆ سەر هەردوو گەڕەکە کوردییەکان بهێنرێت، سووریای تازە دەبێت بۆ هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، فەتحوڵڵا حوسێنی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پێویستە چارەسەرێکی بەپەلە بدۆزرێتەوە و کۆتایی بەم هێرش و پەلاماردانانە بۆ سەر هەردوو گەڕەکە کوردییەکان بهێنرێت، سووریای تازە دەبێت بۆ هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان بێت، چونکە دیمەشق تەنیا پایتەختی یەک کەس و تائیفە نییە، بەڵکوو هی هەموو سووریاکانە.
حوسێنی گوتی: ناتوانن ئیرادەی کورد بشکێنن، دوای نەمانی ئەسەد و ڕژێمی بەعس، جارێکی دیکە سووریا بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار دەچێت، هەروەها تاکە لایەن پابەندی ئاشتی بێت لە سووریا کوردە.
هەروەها داوا لە وڵاتانی نێودەوڵەتیی دەکات هەڵوێستیی جیددیان هەبێت لە بەرانبەر ئەم هێرشانە، ئەو گرووپە چەکدارانەی هێرشیان کردووەتە سەر هەردوو گەڕەکە کوردییەکان لە لیستی تیرۆرن و شەڕی بە وەکالەت لەگەڵ کورد دەکەن.
فەتحوڵڵا حوسێنی جەختی لەوە کردەوە، سووریا بەرگەی شەڕێکی دیکە ناگرێت.
هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دیاربەکری باکووری کوردستان، خۆپێشاندانێکی جەماوەری دژی هێرشی گرووپەکانی سەربە حکوومەتی سووریا بۆ سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب بەڕێوەچوو.
لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ڕووداوەکانی حەلەب و بە ئامانجگرتنی کورد لە پێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکە و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕ و توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتی هیچ کێشەیەک ناکات. هیچ بیانوو و پاساوێک نابێت ڕێگە بە پاکتاوی ڕەگەزی بدات. پەلاماردانی گەڕەگە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران کردووە.