ئەمەریکا گەشتکردن بۆ 21 وڵات قەدەغە دەکات و  عێراقیش لە لیستی سووردایە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نوێترین لیستی هۆشدارییەکانی گەشتکردنی بۆ هاووڵاتییانی بڵاوکردەوە و 21 وڵاتی خستە نێو هۆشداری ئاستی چوار، کە بەرزترین و توندترین جۆری هۆشدارییە و بە واتای قەدەغەکردنی گەشتکردن دێت بۆ ئەو ناوچانە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەم پۆلێنکردنە لەسەر بنەمای خراپیی دۆخی ئەمنی و ناوخۆیی ئەو وڵاتانە و نەبوونی توانای پێویستی واشنتن بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی لە کاتی هەرە کتوپڕێکدا دانراوە. 

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە: ئەم شوێنانە لە ڕووی ئەمنییەوە زۆر مەترسیدارن و داوا لە گەشتیاران دەکات بە هیچ جۆرە هۆکارێک و لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا ڕوویان تێنەکەن.

لیستی وڵاتە قەدەغەکراوەکان چەندین دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی جیهان لەخۆ دەگرێت، لەوانە: عێراق، ئێران، سووریا، لوبنان، یەمەن، ئەفغانستان و فەڵەستین، هەروەها وڵاتانی وەک ڕووسیا، ئۆکرانیا، بێلاروس، فەنزوێلا، کۆریای باکوور و چەند وڵاتێکی ئەفریقی وەک سۆماڵ، سودان، مالی، نەیجەر و بورکینافاسۆ لە هەمان لیستی مەترسیداردان.

ئەم هۆشدارییانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەردەوام و بەپێی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی جیهان نوێ دەکرێنەوە. 

گەیشتنی وڵاتێک بۆ ئاستی چواری پلەی هۆشداری، بەو واتایە دێت کە حکوومەتی ئەمەریکا هیچ گەرەنتییەکی ئەمنی پێشکەش ناکات و لە کاتی ڕوودانی هەر کێشەیەکدا، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەو وڵاتە دەسەڵاتیان زۆر سنووردار دەبێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییانیان، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو ئاڵۆزییە جیهانییانەی کە لە ساڵی 2026دا چەندین ناوچەی جیاوازی گرتووەتەوە.