لە حەلەب 8 هاووڵاتی کوردی سڤیل شەهید بوون

ئێوارەی دوێنێ 8ی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووری، کۆمەڵکوژییەکیان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب ئەنجامدا، لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی ماڵێک و هێرش بۆ سەر بنکە تەندروستییەکان، خێزانێکی 6 کەسی و دوو کارمەندی نەخۆشخانە شەهید بوون.

بەپێی زانیاریی چالاکوانانی حەلەب، هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی کاتی بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، لە گەڕەکی ئەشرەفیە، دوو کارمەندی نەخۆشخانە بە ناوەکانی عەدنان عارف عوسمان و عەلی حەنیف عوسمان، کە هەردووکیان خەڵکی گوندی عەین حەجەری بچووکی سەر بە عەفرینن، لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە شەهید کران.

هاوکات لە گەڕەکی شێخ مەقسوود، هێزەکانی حکومەتی کاتی ماڵێکی سڤیلیان ڕاستەوخۆ تۆپباران کرد. لەو هێرشەدا 6 ئەندامی یەک خێزان شەهید بوون کە 3 کەسیان منداڵن. ناوی قوربانییەکان بریتین لە:

ئەمین ڕەشۆ (باوک)
زەینەب ئەمین ڕەشۆ (کچی ئەمین)
شەروین حەسەن (بووکی ئەمین)
نورا ڕەشۆ (منداڵ)
ئەمین ڕەشۆ (منداڵ)
میرا ڕەشۆ (منداڵ)
دایکی خێزانەکە بە ناوی نورا حەسەن لە هێرشەکەدا بریندار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی خالید فەجر چارەسەر دەکرێت، ئەم خێزانە لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی شێخوتکای ناوچەی ماباتای عەفرینن و لە ساڵی 2018 بەهۆی داگیرکارییەوە ئاوارەی حەلەب ببوون.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR) بڵاویکردەوە، لە ماوەی 3 ڕۆژی شەڕ و پێکدادانەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەدا، زیانە مرۆییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو ماوەیەدا 23 سڤیل شەهید بوون و 98 کەسیش بریندار بوون، بەمەش کۆی گشتی قوربانییان گەیشتووەتە 116 کەس.