وڵات مەعمۆ: ئەم گرووپانە لە کۆبانێ شکان،دەیانەوێت تۆڵە لە شێخ مەقسوود بکەنەوە

سەرکردەیەکی پەیەدە لە حەلەب ڕایگەیاند: زۆرینەی ئەوانەی لە نێو گرووپە چەکدارەکان هەن، بیانیین و ئاڵای داعش لەسەر جلوبەرگیان هەیە، هەروەها بەهۆی ئەو گەماڕۆیەی هەیە ناتوانرێت بریندار و نەخۆشەکان بنێردرێنە نەخۆشخانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، وڵات مەعمۆ، سەرکردەی پەیەدە لە حەلەب، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گرووپە چەکدارەکان بە تانک و چەکی گەورە هێرش دەکەن و ئامانجیان هاووڵاتیی مەدەنییە، زۆرینەی ئەوانەی لە نێو گرووپە چەکدارەکان هەن، بیانیین و ئاڵای داعش لەسەر جلوبەرگیان هەیە، هەروەها بەهۆی ئەو گەماڕۆیەی هەیە ناتوانرێت بریندار و نەخۆشەکان بنێردرێنە نەخۆشخانە، چونکە ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن کۆمەڵکووژی ڕوودەدات و دەیانەوێت گەلی کورد لەناو ببرێت و بڕیارە سەربازی و سیاسییەکان بسەپێنن.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، سات بە سات دانیشتووانی شێخ مەقسوود بە ئازارەوە ژیان بەسەر دەبەن، سەرجەم دانیشتیوانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە چوونەتە پاڵ هێزەکانی ئاسایش و 

داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکەین پشتگیری لە کوردانی حەلەب بکەن.

وڵات مەعمۆ گوتی:  ئەم گرووپانە هەوڵی تێکدانی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار دەدەن و هەموو توانایەکیان بەکارهێناوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، ئەم گرووپانە لە کۆبانێ شکان، بۆیە دەیانەوێت تۆڵە لە شێخ مەقسوود بکەنەوە، حکوومەتی دیمەشق جگەلە خۆیان هیچ کەس و لایەنێک قبووڵ ناکەن.

 رۆژی سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، گرووپەکانی سەربە حکوومەتی سووریا بە تانک و تۆپ هێرشیان بۆ سەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەستیپێکردوو و تاوەکوو ئەمڕۆش بەردەوامە.