ڕامی عەبدولڕەحمان: ئەحمەد شەرع بەرپرسی هەموو کۆمەڵکوژییەکانە
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند:ڕەوانییە ئەوانەی شەڕی داعشیان کردووە ئێستا ئاوارەببن و ئەحمەد شەرع بەرپرسی هەموو کۆمەڵکوژییەکانە.
ئەمڕۆ هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەم سیاسەتەی ئێستا لە سووریا هەیە، درێژەپێدەری هەمان ڕژێمی پشووی بەشار ئەسەدە، ڕەوانیە ئەوانەی شەڕی داعشیان کردووە ئێستا ئاوارە ببن، لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت چەکدارەکان چۆن گێچەڵ و سووکایەتی بە کچ و کوڕانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەکەن، هەمان ئەو گوتانە لە چەکدارانی داعش بیستراون، کورد کراوەتە قوربانی ڕێککەوتنی هەرێمی.
ڕامی عەبدولڕەحمان گوتی: ئەحمەد شەرع بەرپرسی هەموو کۆمەڵکوژییەکانە، ئەوەی بەرانبەر عەلەوییەکان و درووزەکان کرا تاوانێکی گەورەبوو، ئێستاش هەمان شت بەرانبەر کورد دەکرێتەوە، پێویستە هەسەدە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات بۆ ئەوەی ئەو هێرش و پەلاماردانە ڕابگیرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بۆچی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ناوچەکانیان جێبهێڵن، لەکاتێکدا چەکداری بیانی بێنە ئەو ناوچانە، ئەگەر مرۆڤایەتیی لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت، دەبێت ڕێگری لەو هێرشانە بگرێت، هەروەها نەخۆشخانە تۆپباران کراوە و ئەو کەسانەی لە نێو نەخۆشخانە کاردەکەن کوژراون و بریندار هەن.
هاوکات ئەمڕۆ ئەنجوومەنی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکەن، هێزەکانی سەر سوپای عەرەبی سووریابە پشتگیریی ڕاستەوخۆی گروپە چەکدارەکان، مزگەوت، قوتابخانە، ماڵ و نەخۆشخانەکانیان بۆردوومان کردووە.
هەروەها ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشانە هەوڵێکە بۆ کۆچپێکردنی زۆرەملێی گەلێک کە سەدان ساڵە لەم گەڕەکانەدا نیشتەجێن، ئەمەش بە واتای پێشێلکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەکانی 1ـی نیسان و لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو دێت.