ئەبوبەکر کاروانی: لە سووریا نە دەوڵەت هەیە و نە دەسەڵاتدارانی باوەڕیان بە دیموکراسی هەیە
ئەبوبەکر کاروانی لە خوێندنەوەیەکدا بۆ دۆخی ئاڵۆزی سووریا ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکانی ئەم دواییە دەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری دیمەشق و ئیسرائیلن. ناوبراو هۆشداری دەدات کە مەحاڵە "ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ" بەبێ چارەرکردنی پرسی کورد بێتە ئاراوە.
پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەبوبەکر کاروانی، سیاسەتمەدار، لە نوێترین خوێندنەوەی سیاسی و ستراتیژیدا بۆ دۆخی ئاڵۆزی سووریا و پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ئەم دواییە، لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا، تیشکی خستە سەر ڕەهەندە شاراوەکانی ململانێکان و ئاماژە بەوە کرد، کە ئەوەی ئێستا لە دژی کورد لە سووریا ڕوودەدات، دەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی سیاسی و ئەمنیی نێوان حکوومەتی سووریا و ئیسرائیلە.
کاروانی لە شیکارییەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە چەمکی دەوڵەت وەک دامەزراوەیەک کە نوێنەرایەتیی گەل بکات لە سووریادا بوونی نەماوە. ئەو دەڵێت: "لە سووریا نە دەوڵەت هەیە و نە دەسەڵاتدارانی دیمەشق باوەڕیان بە بچووکترین بنەماکانی دیموکراسی هەیە."
بە بڕوای ناوبراو، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، بەتایبەتی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، دەستکەوتێکی ستراتیژیی هاوبەشە بۆ سێ لایەنی سەرەکی ئەویش؛ حکوومەتی دیمەشق، ئیسرائیل و تورکیا.
سەبارەت بە سروشتی ئەو هێزانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە کودرییەکانی دیکە لە سووریا دەبنەوە، ئەبوبەکر کاروانی هۆشداری دەدات لە پاشخانی فکریی ئەو گرووپانە و ڕوونی کردەوە، "بەشێک لەو گرووپانە هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی جیهادیی توندڕەون، کە بە ئاسانی بەرانبەرەکانیان تەکفیر دەکەن و زەمینە بۆ کۆمەڵکوژی خۆش دەکەن."
هاوکات ڕایگەیاند: لەو سۆنگەیەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم بە پەلە دەستوەردان بکەن بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و جینۆساید دژی کورد لە سووریا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاروانی باس لە قورسایی نەتەوەیی کورد دەکات وەک چوارەمین نەتەوەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ئاماژە بە مێژوویەکی تاڵ دەدات و دەڵێت: "ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی سووریا ئەزموونی 100 ساڵیان هەیە لە نکۆڵیکردن لە مافەکانی کورد، تەنانەت وەک کەمینەیەکیش دانیان پێدا نەناوە."
ئەو پێی وایە هەتا دان بە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد و مافەکانیدا نەنرێت، مەحاڵە سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. کاروانی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: "گەورەترین و زەقترین هەڵەی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کۆندا، بریتی بووە لە پەراوێزخستن و سەرکوتکردنی کورد. تا ئەم هەڵەیە ڕاست نەکرێتەوە، هەرگیز شتێک بە ناوی (ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ) دروست نابێت."
لە کۆتایی شیکارییەکەیدا، ئەبوبەکر کاروانی نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ داهاتووی کورد پێشنیاز دەکات. ئەو پێی وایە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و پرسی کورد چارە نەکرێت، کورد ناچار دەبێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دروشم و ئامانجەکانیدا بکات.
کاروانی دەڵێت: "ئەگەر سەرکوتکردن بەردەوام بێت، پێم وایە دەبێت کورد دروشمی خۆی بگۆڕێت و چیدیکە داوای مافی کەمینە یان ئۆتۆنۆمی نەکات؛ بەڵکو دەبێت ڕاستەوخۆ خواستی خۆی بۆ سەربەخۆیی بەرز بکاتەوە و هەنگاوی کردەیی بۆ بنێت."
ماوەی سێ ڕۆژە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە. بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاوارە بوونە، هەروەها 13 هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و 64ـی دیکەش بریندار بوونە.