سیپان حەمۆ: بەرخودانی شێخ مەقسوود پلانەکان تێکدەشکێنێت

ئەندامێکی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، هەرچەندە ئەوان لە مانگی نیسانەوە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کشاونەتەوە، بەڵام پشتیوانیی تەواوی بەرخودانی خەڵک و ئاسایشی ئەو گەڕەکانە دەکەن و ئامادەی هەموو هاوکارییەکین ئەگەر پێویست بکات.

هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سەبارەت بە هێرشەکانی سەر شاری حەلەب ڕایگەیاند: لە ڕۆژانی 5 و 6ی ئەم مانگەوە هێرشێکی دڕندانە و بێ وێنە لەسەر ئاستی جیهان کراوەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە.

سیپان حەمۆ ئاماژەی بەوە دا کە بەرخودانی دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە بووەتە کولتوورێک و کاتێک ناوی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەهێنرێت، باسی بەرخودان دەکرێت، بۆیە دڵنیایی دا کە پلانەکانی دوژمن تێکدەشکێنن.

سەبارەت بە بوونی هێزەکانی هەسەدە لەو ناوچانە، حەمۆ ڕوونکردنەوەی دا و گوتی: وەک دەزانن بەگوێرەی ڕێککەوتنی 1ی نیسان، ئێمە هێزەکانمان لەو گەڕەکانە کشاندووەتەوە و ئەرکی پاراستنمان ڕادەستی ئەنجوومەنی مەدەنی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کردووە.

ئەو فەرماندەیەی هەسەدە جەختی کردەوە: ئێمە پشتیوانیی تەواوی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی گەڕەکەکە دەکەین کە جەخت لە مانەوە و بەرگری دەکەنەوە، لەم چوارچێوەیەشدا لە هەر شوێنێکەوە چی پێویست بێت ئێمە وەک هەسەدە ئامادەین هاوکارییان بکەین.

سیپان حەمۆ لە پەیامەکەیدا دڵنیایی دایە خەڵکی ناوچەکە و گوتی: بەبێ گومان هیچ هێزێک نییە بتوانێت خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لەسەر خاک و ماڵی خۆیان دەربکات، ئەوان خاوەندارێتی لە گەڕەک و ماڵەکانی خۆیان دەکەن.

لە کۆتاییدا هۆشداریدا لەبارەی شەڕی پڕوپاگەندەی میدیایی دژی دانیشتووان و گوتی: پێویستە گوێ بە پڕوپاگەندەکان نەدرێت، بەرخودانی خەڵک و شەڕڤانان سەرجەم پیلان و یارییەکان پووچەڵ دەکاتەوە و سەرکەوتن بۆ گەلی ئێمە دەبێت.