ترەمپ هەڕەشە لە دانیمارک دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جارێکی دیکە جەختی لەسەر نیازی وڵاتەکەی کردەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "گرینلاند"ی سەر بە دانیمارک. ترەمپ بە زمانێکی توند ڕایگەیاند؛ ئەمەریکا بە هەر نرخێک بێت ئامانجەکەی دەپێکێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کۆپنهاگن چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە خاکەکەی بۆ فرۆشتن نییە.
ترەمپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "حەزم لە دانیمارکە و ئەوان زۆر خۆشەویست بوون لەگەڵم، بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی 500 ساڵ لەمەوبەر بە کەشتی گەیشتوونەتە ئەوێ، مانای ئەوە نییە کە خاوەنی بن." سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداریدا و گوتی: "پێم خۆشە ئەو ڕێککەوتنە بە ئاسانی بکرێت، بەڵام ئەگەر بە ڕێگەی ئاسان نەبێت، ئەوا بە ڕێگەی سەخت ئەنجامی دەدەین."
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد؛ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە بەرامبەر چین و ڕووسیا زۆر گرنگە. جەختیشی کردەوە؛ واشنتن ڕێگە نادات ڕووسیا یان چین جێپێی خۆیان لەو ناوچە ستراتیژییەدا بکەنەوە و گوتی: "ئەگەر ئێمە نەیکەین، ئەوە ئەوان دەیکەن."
کۆشکی سپی تا ئێستا ئامادە نییە بژاردەی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دوورگەیە ڕەتبکاتەوە. ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" دانی بەوەدا ناوە کە ڕەنگە ئەم پرسە بیخاتە بەردەم دوو بژاردەی قورس: پاراستنی یەکێتیی هاوپەیمانی ناتۆ، یان کۆنترۆڵکردنی خاکی دانیمارک.
لە بەرامبەردا، مێت فریدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک، بە توندی وەڵامی ئەم لێدوانانەی دایەوە و وەبیرهێنایەوە کە وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆیە. فرێدریکسن هۆشداریدا هەر هێرشێکی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتێکی هاوپەیمان "کۆتایی بە هەموو شتێک دەهێنێت" و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە.