ئاسایشی حەلەب: دیمەشق گەنجانی کوردیان ڕفاندووە و وەک دیلی شەڕ نیشانیان دەدات

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، پەردەی لەسەر تاوانێکی دیکەی میلیشیاکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق لادا و ڕایگەیاند: ئەو لایەنە دەیان گەنجی مەدەنییان لە کاتی چوونە دەرەوەیان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود ڕفاندووە. ئاسایش جەخت دەکاتەوە، دیمەشق بە مەبەستی چەواشەکاری، ئەم گەنجە مەدەنییانەی لە میدیاکانەوە وەک شەڕڤانی هێزەکانی ئەوان ناساندووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، میلیشیاکانی دیمەشق لە چوارچێوەی تاوانێکی کۆمەڵکوژیی ڕێکخراودا، دەیان گەنجی مەدەنییان بە زۆرەملێ لە خێزانەکانیان جیا کردووەتەوە و ڕفاندوویانن، دواتر لە ڕێگەی نمایشێکی میدیاییەوە بە درۆ وەک شەڕڤان نیشانیان داون. 

هێزەکانی ئاسایش ئەم ڕەفتارە بە بەشێک لە نهێنییەکی مەترسیدار بۆ چواشەکردنی ڕاستییەکان و شاردنەوەی تاوانەکانی کۆچپێکردنی زۆرەملێ و تۆپبارانی گەڕەکەکە وەسف دەکەن.

ئاسایشی حەلەب ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم کردەوانە دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو سیناریۆیانەیە کە ئەو میلیشیایانە پێشتر لە ناوچە کەناراوەکان و سوەیدا ئەنجامیان داوە، تێیدا مەدەنییەکان وەک ئامرازی پڕوپاگەندە بۆ داپۆشینی تاوانەکانیان بەکاردەهێنن.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دووپاتی دەکەنەوە، سەرجەم ڕفێندراوەکان هاووڵاتی مەدەنین و حکوومەتی دیمەشق بە بەرپرسیاری تەواوی ژیان و سەلامەتییان دەزانن، هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەم پێشێلکارییانە دەستپێ بکەن و ئەنجامدەرانی وەک تاوانباری شەڕ ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە.