سوپای پاکستان: 11 چەکداری سەر بە هیندستان لە باکووری وڵات کوژران

فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی هێزە چەکدارەکانی پاکستان (ISPR) ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە لە میانی دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا لە پارێزگای "خەیبەر پختونخوا" لە باکووری پاکستان، 11 چەکداریان کوشتووە کە دەوترێت لەلایەن هیندستانەوە پشتیوانی دەکران.

بەگوێرەی بەیاننامە فەرمییەکەی سوپای پاکستان، ئۆپەراسیۆنی یەکەم لە ناوچەی "باکووری وەزیرستان" و لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری ئەنجامدراوە. دوای گەمارۆدانی حەشارگەیەکی چەکداران و دروستبوونی شەڕ و ئاڵوگۆڕی توندی تەقە، 6 چەکدار کوژران.

هاوکات لە ئۆپەراسیۆنێکی تری هاوشێوەدا لە ناوچەی "کورام"، هێزە ئەمنییەکان گروپێکی تری چەکداریان کردە ئامانج و لە ئەنجامی شەڕێکی دەستەوێخەدا، 5 چەکداری تریان کوشت.

ڕێکخراوی (ISPR) ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گیراوە. سوپای پاکستان جەختی کردەوە، ئەو چەکانە لە چەندین هێرشی پێشوودا دژی هێزە ئەمنییەکان و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و هەروەها لە کوشتنی خەڵکی مەدەنیدا بەکارهێنراون، و بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە ئەو گرووپانە "لەلایەن هیندستانەوە" هاوکاری دەکرێن.

باڵی میدیایی سوپای پاکستان ڕاشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکان بۆ پشکنین و کێوماڵکردنی ناوچەکە بەردەوامن (Sanitization operations)، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پاککردنەوەی ناوچەکە لە هەر چەکدارێکی دیکە ماوە کە پشتیوانی بیانییان هەبێت.

ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسلام ئاباد و نیودەلهی لە دوای نیسانی 2025ەوە ئاڵۆزییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت دوای هێرشەکەی ناوچەی "پەهالگام" لە جاموو و کشمیر کە تێیدا 25 هیندی و هاوڵاتییەکی نیپاڵی گیانیان لەدەستدا. لەو کاتەدا هیندستان دەزگای هەواڵگری پاکستانی بە تێوەگلان لەو هێرشە تۆمەتبار کرد، بەڵام پاکستان هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە.