باراک: پشتیوانی لە چەسپاندنی ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە حەلەب دەکەین

نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا و وەزیری دەرەوەی ئوردن، پشتیوانی لە ئاگربەستی شەڕەکەی حەلەب دەکەن و داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداریش دەکەن. 

ڕۆژی هەینی، 9ی کانوونی دووەمی 2026، ئەیاد سەفادی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن، پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا کرد. 

بە گوێرەی پۆستێکی تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس'، لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا دوا پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کرد، "لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوام بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش، سەروەری، یەکپارچەیی و سەقامگیری وڵاتەکە، هەروەها پاراستنی ماف و سەلامەتی هەموو هاووڵاتییان."

شەڕەکەی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب (ئەشرەفییە و شیخ مەقسوود) تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو.

 وەک ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، "هەردوولا جەختیان لە پابەندبوونی شانشینی ئوردن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی چەسپاندنی ئاگربەست و کشانەوەی ئاشتییانەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە حەلەب، لەگەڵ مسۆگەرکردنی ئاسایش و پاراستنی هەموو هاووڵاتییانی مەدەنی."

هاوکات، تیشک خرایە سەر پێویستی جێبەجێکردنی دەستبەجێی ڕێککەوتننامەی 10ی ئاداری 2025.

لایەنەکان هەروەها دووپاتیانکردەوە لە بەردەوامی کاری هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی نەخشەڕێگای کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوەیدا و سەقامگیرکردنی باشووری سووریا.