ئاسایشی حەلەب: شێخ مەقسوود نەکەوتووە و بانگەشەکانی دیمەشق ناڕاستن

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا سەرجەم ئەو دەنگۆ و بانگەشانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی دیمەشقەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی گەڕەکی شێخ مەقسوود.

ئاسایشی حەلەب جەختی کردەوە بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی 90%ی گەڕەکی شێخ مەقسوود لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریاوە ناڕاستن و چەواشەکارییەکی ڕوونە و هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعی سەر زەوییەوە نییە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم دەنگۆیانە هەوڵێکی شکستخواردوون بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو تاوان و پێشێلکارییە قورسانەی کە میلیشیاکانی دیمەشق دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامی دەدەن."

سەبارەت بە دۆخی ناو گەڕەکەکە، ناوەندیی ڕاگەیاندنی ئاسایش ئاشکرای کرد؛ ئێستا شەڕی توندی شەقامەکان لە دژی میلیشیاکانی حکوومەتی دیمەشق بەردەوامە و هێزەکانی ئاسایش توانیویانە زیانێکی زۆر و کەمەرشکێن بە هێزە هێرشبەرەکان بگەیەنن.

هاوکات، ئاسایشی حەلەب هۆشداریی دا لە بەردەوامیی تۆپبارانی دڕندانەی گەڕەکەکە بە تانک و مووشەک. ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بۆردومانانە بە شێوەیەکی سیستماتیک ژێرخانەکان و نەخۆشخانەکان دەکەنە ئامانج بە مەبەستی تیرۆرکردنی دانیشتووان، ئەمەش وەک "پێشێلکردنی ئاشکرای سەرجەم یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان" وەسف کراوە.