ئاسایشی حەلەب سێ تانکی میلیشیاکانی دیمەشقی تێکشکاند
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب تێکشکاندنی سێ تانکی میلیشیاکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریایان تێکشکاند .
ئەمە لە کاتێکدایە کە گەڕەکی شێخ مەقسوود ڕووبەڕووی شەڕێکی توندی ناو کۆڵانەکان و بۆردومانێکی چڕ بووەتەوە، کە تێیدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی چەکدارانی دیمەشق بەشدارن لە بە ئامانجگرتنی ناوەندە تەندروستییەکان.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئاسایشی حەلەب، هێزەکانیان توانیویانە سێ تانکی میلیشیاکانی دیمەشق لە کاتی بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی (خالید فەجر) لە کەرتی ڕۆژئاوای گەڕەکی شێخ مەقسوود بتەقێننەوە.
ئێستا لە ناوچەکە شەڕی شەقام و کۆڵانەکان بە توندی بەردەوامە و میلیشیاکان بە چڕی و بە تانک ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان تۆپباران دەکەن.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەو چەکدارانە لە جۆری (بایراکتار) هاتوونەتە ناو هێڵی پێکدادانەکان و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەخۆشخانەی (خالید فەجر)یان بۆردومان کردووە، ئەم ناوەندە تەندروستییە ئێستا پڕە لە هاووڵاتی مەدەنی و بریندارانی شەڕەکە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و کادرانی پزیشکی وەسف دەکرێت، بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەیەک کە برینداری مەدەنی تێدایە، چ لە لایەن تانکەکانی دیمەشق و چ لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، دۆخەکەی گەیاندووەتە ئاستێکی زۆر ترسناک و مەترسیدار.