وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا: کۆنتڕۆڵکردنی شارۆچکەیەکی دیکەی لە زاپۆریژیا ڕاگەیاند

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا کۆنترۆڵکردنی شارێکی دیکە لە پارێزگای زاپۆریژیای ئۆکرانیا ڕاگەیاند؛ پێشڕەوییەکانی سوپای ڕووسیا هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار ساڵەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

یەکشەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، هێزەکانیان دوو هێرشیان بەرپەرچ داوەتەوە کە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچەی کۆبیانسک ئەنجامدراون و نزیکەی 15 سەربازی ئۆکرانیایان کوشتووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی ئۆکرانیا نەیانتوانیوە بچنە ناو شاری کۆبیانسک، بەڵام هەوڵیانداوە ئاڵای ئۆکرانیا بەسەر بینای ئیدارەی شارەکەدا بە بەکارهێنانی درۆن بەرزبکەنەوە، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی هێنا و هەم ئاڵاکە و هەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەناوبران.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، سوپای ئۆکرانیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا هەزار و 330 کەسیان بوونەتە قوربانی، ئامارەکانیش بەمشێوەیە بوون:

205  سەرباز لە ناوچەی هێزەکانی باکووری ڕووسیا لە سومی و خارکیڤ.

200  سەرباز لە ناوچەی هێزەکانی ڕۆژئاوا لە خارکیڤ و دۆنێتسک.

160  سەرباز لە ناوچەی هێزەکانی باشوور لە دۆنێتسک.

400 سەرباز لە ناوچەی هێزەکانی ناوەند لە دۆنێتسک و دنیپرۆپترۆڤسک

290 سەرباز لە ناوچەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە دنیپرۆپێترۆڤسک و زاپۆریژیا

هەروەها 75  سەرباز لە ناوچەی هێزەکانی دنیپرۆ لە زاپۆریژیای و خێرسۆن

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان، مووشەک و تۆپخانەکانی ڕووسیا دامەزراوەیەکی هەستیاری سەربازی، ناوچەی پیشەسازی، دامەزراوەکانی کەرتی وزە و ژێرخانی گواستنەوە، کە سوپای ئۆکرانیا بەکاری دەهێنان، کراونەتە ئامانج.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، دوو مووشەک و 130 فڕۆکەی درۆنی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە.

24ی شوباتی 2022، سوپای ڕووسیا هێرشی فراوانی کردە سەر خاکی ئۆکرانیا و لەگەڵ ئەوەی جەنگەکە نزیک دەبێتەوە لە چوارەم ساڵی، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە دەستپێکردووە و دوایینجار لە 15ی ئەم مانگە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، گفتوگۆیەکی زۆر باش و دوورودرێژی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا کردووە؛ گوتیشی: وا دیارە کارەکان بە باشی بەرەوپێش دەچن، هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە ئەمە دەڵێین، بەڵام دۆخەکە لەوەی بیری لێدەکەینەوە سەختترە.

ترەمپ ڕژدە لەسەر ڕاگرتنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاوەکوو ئێستا هەشت جەنگی یەکلاکردووەتەوە و کێشەی نێوان تایلەند و کەمبۆدیاشیان چارەسەر کردووە کە کوشتاری لێکەوتبووەوە.