لە شاری لۆڤنی بەلجیکا قوتابخانەی کوردستان بۆ فێربوونی زمانی کوردی دەکرێتەوە

بۆ یەکەمجار لە شاری لۆڤن لە وڵاتی بەلجیکا، بە هەوڵی کۆمەڵێک مامۆستا و چالاکوانی کورد و بە مەبەستی پاراستنی زمان و کلتووری کوردی لە هەندەران، قوتابخانەیەکی سەرەتایی بە ناوی قوتابخانەی کوردستان کرایەوە.

ئامانجی سەرەکیی ئەم قوتابخانەیە فێرکردنی زمانی کوردی وەک زمانی دایکە بە منداڵانی کورد لە دەرەوەی وڵات، تاوەکوو نەهێڵن ناسنامەی نەتەوەییان لەبیر بچێتەوە و بتوانن بە زمانی خۆیان بنووسن و بخوێننەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە ئەو منداڵانە لە قوتابخانە فەرمییەکانی بەلجیکا بە زمانی وڵاتەکە دەخوێنن.

شادیە سەلیم، مامۆستا لە قوتابخانەکە بە کوردستان24ی گوت: ئەمە جوانترین پڕۆژەیە تا ئێستا لە بەلجیکا پێشکەش کرابێت. نەوەکانی پێش ئەم منداڵانە ئەلفوبێی کوردی نازانن، کە ئەمەش کارەساتە بۆ چەند ساڵێکی داهاتوو ئەگەر کەسێک بڵێت کوردم و نەتوانێت بە زمانی خۆی بنووسێت.

ناسکی نەسیر، مامۆستایەکی دیکەیە و دەڵێت: زۆر سوپاسی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەکەین کە هاوکارمان بوون بۆ دانانی ئەم قوتابخانەیە. هیوایەکی زۆر گەورەمان بە دواڕۆژ هەیە.

شێوە حوسێن، دایکێکی کوردە و دوو منداڵەکەی هێناوەتە قوتابخانەکە و گوتی: زۆر دڵخۆشین بەم دەستپێشخەرییە، دەمانەوێت منداڵەکانمان لێرە فێری وشە و پیت و زمانی کوردی بن و کلتووری خۆیان بناسن.

پۆڵین، دایکێکی بەلجیکییە کە هاوسەرەکەی کوردە، منداڵەکانی هێناوە بۆ فێربوونی کوردی و باسی لەوە کرد، گرنگە منداڵەکانمان زمانی باوکیان بە باشی فێر ببن، تا کاتێک دەچنەوە کوردستان تووشی کێشەی نەزانینی زمان نەبن.

قوتابخانەکە تەنیا بۆ فێربوونی زمان نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆحی نیشتمانی و کلتووری لە ڕێگەی وانەکانی هونەر و گۆرانی و چالاکییە جۆراوجۆرەکانەوە.

ئێستا قوتابخانەکە 50 قوتابی و 4 مامۆستای هەیە. دامەزرێنەرانی قوتابخانەکە ئاماژە بەوە دەدەن کە کێشەی سەرەکییان نەبوونی باڵەخانەیەکی گونجاو و بچووکیی ژوورەکانە بەراورد بە ژمارەی قوتابیان، بۆیە داوا لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن هاوکارییان بکات.