وەزیری بەرگریی بەریتانیا نزیکبووە لە ئۆکرانیا بکوژرێت
ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، جۆن هیلی وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە کاتی سەردانی بۆ کیێڤ نزیک بووە لەوەی بە مووشکی "ئۆرشینک" لەلایەن ڕووسیاوە بکرێتە ئامانج.
دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی "زە سەن"ـی بەریتانیا، بڵاویکردەوە، جۆن هێلی وەزیری بەرگریی بەریتانیا، لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئۆکرانیا ویستوویەتی لە شاری لڤیڤەوە بۆ کیێڤ بچێت، لە ڕێگەدا ئەو شەمەندەفەرەکەی ئەوی تێدابووە لەلایەن سوپای ڕووسیاوە مووشەکێکی ئاراستە کراوە، بەڵام شەمەندەفەرەکەی نەپێکاوە.
جۆن هێلی وەزیری بەرگریی بەریتانیا، هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، گوتویەتی،" هێندە لە کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکە نزیکبووین، گوێمان لە زەنگی ئاگادارکەرەوەی هێرشەکە بوو".
سەردانی وەزیری بەرگری بەریتانیا بۆ کیێڤ، بە مەبەستی هامەهەنگی گواستنەوەی مووشەکی دوور مەودای "نایتفۆڵ" بووە بۆ ئۆکرانیا کە هێشتا لە قۆناغی پەرەپێداندایە.
هەینی ڕابردوو وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا پشتڕاستی کردەوە، هێزەکانی ڕووسیا مووشەکی هایپەرسۆنیکی "ئۆرشینک" بەکارهێناوە بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئامانجە گرنگەکانی ئۆکرانیا، ئەمەشی وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشەکەی سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕاگەیاندبوو.
24ـی شوباتی 2022، سوپای ڕووسیا هێرشی فراوانی کردە سەر خاکی ئۆکرانیا و لەگەڵ ئەوەی جەنگەکە نزیک دەبێتەوە لە چوارەم ساڵی، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە دەستپێکردووە و دوایینجار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، گفتوگۆیەکی زۆر باش و دوورودرێژی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا کردووە؛ گوتیشی: وا دیارە کارەکان بە باشی بەرەوپێش دەچن، هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە ئەمە دەڵێین، بەڵام دۆخەکە لەوەی بیری لێدەکەینەوە سەختترە.
ترەمپ ڕژدە لەسەر ڕاگرتنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاوەکوو ئێستا هەشت جەنگی یەکلاکردووەتەوە و کێشەی نێوان تایلەند و کەمبۆدیاشیان چارەسەر کردووە کە کوشتاری لێکەوتبووەوە.