ترەمپ: بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت لە ئێران لەگەڵ مەسک قسە دەکەم
لە کاتێکدا زیاتر لە دوو هەفتەیە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە ئێران بەردەوامن و حکوومەت هێڵەکانی ئینتەرنێتی بڕیوە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەوڵی گەڕاندنەوەی ئینتەرنێت دەدات، لە بەرانبەردا بەرپرسانی باڵای تاران خۆپیشاندەران بە چەکدار و ئاژاوەگێڕ تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی دادوەری دەکەن.
دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەهۆی پچڕانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە ئێران، پلانی هەیە لەگەڵ ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس گفتوگۆ بکات بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، مەسک لەم کارانەدا زۆر باشە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر مەسک ئامادەیی خۆی بۆ هەنگاوی لەو شێوەیە دەربڕیبوو.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد بەڵگەیان لەبەردەستە چەک لەناو خۆپیشاندەران دابەش کراوە. عراقچی ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکان دزەیان کردووەتە ناو ڕیزەکانی خەڵک و دەیانەوێت ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن بۆ لاوازکردنی ئێران. جەختیشی کردەوە، تاران شەڕی ناوێت، بەڵام بۆ هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەک ئامادەیە.
هاوکات عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هۆشداریی توندی دایە خۆپیشاندەران و ڕایگەیاند، ڕەوتێکی تێکدەر هاتووەتە ناو دۆخەکەوە کە خەریکی کوشتن و سووتاندنن. لاریجانی ئاشکرای کرد کە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییان کوژراون و بریندار بوون، و بەڵێنی دا کە دەسەڵاتی دادوەری بە توندی ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە.