وەزارەتی پەروەردە و کوردستان فاوندەیشن قۆناغی سێیەمی پلاتفۆڕمی دیجیتاڵی "قوتابخانەکەم" ڕادەگەیەنن
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندنی قۆناغی سێیەمی کارپێکردنی پلاتفۆڕمی دیجیتاڵی "قوتابخانەکەم"ی ڕاگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ "دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن" جێبەجێ دەکرێت.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە مێژووی پەرەپێدانی پلاتفۆڕمەکە کرد و ڕایگەیاند: "لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا، بە هاوکاریی ڕێکخراوی یونسێف، قۆناغەکانی یەکەم، دووەم و سێیەمی کارەکانمان بە کۆتا گەیاند و پڕۆسەکە بۆ قۆناغەکانی دیکە بەردەوام بوو."
سەبارەت بە بەڵێنەکانی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی کەرتی خوێندنی دیجیتاڵی، وەزیر جەختی کردەوە: "ساڵی ڕابردوو بەڵێنمان دابوو تەواوی قۆناغی بنەڕەتی لەم پلاتفۆڕمەدا بەردەست بکەین؛ خۆشبەختانە ئێستا وانەکانی پۆلی چوارەم و پێنجەمی بنەڕەتی تەواو بوون."
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئالان حەمە سەعید باسی لە دەستپێشخەرییە نوێیەکەی "کوردستان فاوندەیشن" کرد و گوتی: "ئەم دامەزراوەیە ئەرکی پاڵپشتی و سپۆنسەرکردنی دارایی پڕۆژەکەی بۆ بازنەی سێیەمی خوێندن گرتووەتە ئەستۆ، کە پۆلەکانی (حەوتەم، هەشتەم و نۆیەمی بنەڕەتی) دەگرێتەوە، بەمەش هەنگاوێکی گەورە بەرەو دیجیتاڵکردنی تەواوەتی خوێندنی بنەڕەتی دەنێین."
ئەم پڕۆژەیە وەک بەشێک لە پلانی وەزارەتی پەروەردە دێت بۆ دابینکردنی سەرچاوەی فێربوونی مۆدێرن و دەستڕاگەیشتنی ئاسانی قوتابیان بە وانەکانیان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە.