ترەمپ بەشداریی کۆڕبەندی داڤۆس دەکات

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی ڕایگەیاند، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەفتەی داهاتوو بە شاندێکی باڵاوە، بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە سویسرا دەکات.

سێشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2026، بۆرگە برێندە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئۆنلایندا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەفتەی داهاتوو دەچێتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی داڤۆس و لەگەڵ دەیان سەرکردەی جیهان کۆدەبێتەوە.

برێندە گوتیشی: خۆشحاڵین کە جارێکی دیکە پێشوازی لە سەرۆک ترەمپ دەکەینەوە.

بەگوتەی بەرپرسانی کۆڕبەندەکە، ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات، بە گەورەترین شاندی ئەمەریکی دادەنرێت لە مێژووی کۆڕبەندەکەدا.

ئەم سەردانەی ترەمپ بۆ داڤۆس دوای شەش ساڵ دێت لە دواین دەرکەوتنی لەو کۆڕبەندەدا، کە لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا ئەنجامی دابوو.

بڕیارە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) لە ڕۆژی 19 تا 23ی کانوونی دووەمی 2026 داڤۆس-کلۆستەرز لە سویسرا بەڕێوەبچێت.