سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ داڤۆس هێنا

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆتایی بەشدارییەکانی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، جەختی لە بەهێزیی پێگەی هەرێمی کوردستان و پەیامی ئاشتیخوازانەی حکوومەتەکەی کردەوە و ڕایگەیاند: ئەمساڵیش بە هاوئاهەنگی و هاوبەشیی بەهێزترەوە کۆڕبەندەکە جێ دەهێڵن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پەیامی نەگۆڕی ئەوان بۆ جیهان ڕوونە و خۆی لە چەند بنەمایەکی سەرەکیدا دەبینێتەوە، کە بریتین لە بژاردەی گفتوگۆ لەبری شەڕ و ناکۆکی، و چەسپاندنی ماف لەبری پشتگوێخستن، هەروەها برەودان بە وەبەرهێنان لەبری نادڵنیایی.

ئەم پەیامەی سەرۆکی حکوومەت لە کاتێکدایە کە ساڵانە هەرێمی کوردستان لەسەر بەرزترین ئاست بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس دەکات. 

لەم سەکۆ نێودەوڵەتییەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک دیداری گرنگی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان، وەزیران و خاوەنکارە بڕیاربەدەستەکان ئەنجام دا، ئەوەش بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ناوچەکە، کە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بە دەستکەوت و هاوبەشیی نوێوە کۆتایی بەو دیدارە نێودەوڵەتییانە هێنرا.