عێراق و ئێران ڕێوشوێنی توند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان دەگرنە بەر
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، جەختیان لە پێویستیی ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە نێوان هەر دوو وڵاتدا کردەوە.
سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند: قاسم ئەعرەجی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانەوە پێ گەیشتووە و تێیدا دواین پێشهات و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کۆنتڕۆڵکردن و توندوتۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکان، "هەروەها پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە نێوان عێراق و ئێراندا."
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە هەردوو وڵات هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکانیان چڕ کردووەتەوە. بەغدا لە ساڵی ڕابردوودا بە فەرمی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لەگەڵ تاران واژۆ کرد.
سنووری نێوان عێراق و ئێران کە درێژییەکەی نزیکەی هەزار و 458 کیلۆمەترە، بە یەکێک لە دەروازە گرنگ و هەستیارەکان دادەنرێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئەمنی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.