عێراق هەزاران هاووڵاتی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێنێتەوە

دوای ساڵانێک لە چاوەڕوانی و مانەوە لە دۆخێکی ناهەمواردا، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو دواهەمین کاروانی ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپی هۆڵی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ زێدی خۆیان بگەڕێندرێنەوە.

بەگوێڕەی زانیارییەکان لە سەرەتای مانگی داهاتوودا، دواهەمین کاروانی عێراقییەکان کە ژمارەیان نزیکەی شەش هەزار کەس دەبێت، لە کەمپەکەوە بگوازرێنەوە بۆ عێراق.

ئامارەکان دەریدەخەن کە تا ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو، نزیکەی 12 هەزار و 600 عێراقی لە هەردوو کەمپی هۆل و ڕۆژ لە سووریا مابوونەوە، بەڵام بەپێی دواین ئامار لە مانگی ئابی 2025، ژمارەی ئەوانەی لە کەمۆی هۆل ماونەتەوە بۆ شەش هەزار کەس کەمبووەتەوە، کە بڕیارە ئەوانیش بەمزووانە بگەڕێندرێنەوە.

پرۆسەی گەڕاندنەوەی عێراقییەکان لە ساڵی 2021ـەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' دەستیپێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە 15 هەزار هاووڵاتی گەڕێندراونەتەوە.

سەبارەت بە چارەنووسی بیانییەکانی ناو کەمپەکە، هێشتا سەدان خێزانی چەکدارانی داعش کە هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین لە کەمپەکەدا ماونەتەوە و وڵاتەکانیان ئامادە نین وەریانبگرنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، لە ئەیلوولی ڕابردوودا پلانێکی بۆ دروستکردنی "میکانیزمێکی هەماهەنگی هاوبەش" ڕاگەیاندبوو بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسی گەڕانەوەی دەستبەسەرکراوان.

کەمپی هۆڵ کە نزیکەی 37 هەزار کەسی تێدایە و زۆرینەیان ئافرەت و منداڵی چەکدارانی داعشن، بە یەکێک لە مەترسیدارترین کەمپەکان دادەنرێت و ڕێکخراوە مرۆییەکان بەردەوام هۆشداری دەدەن لە خراپی دۆخی ژیان و تەشەنەسەندنی توندوتیژی لەو کەمپەدا.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لیژنەی باڵای تایبەت بە دۆسیەی کەمپی هۆڵ کۆبووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان بریتی بووە لە "دیاریکردنی کات و وادەی کۆتایی بۆ گواستنەوەی دواهەمین کاروانی خێزانە عێراقییەکان لە کەمپی هۆڵەوە بۆ عێراق. هەروەها بڕیاردراوە بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەکو ناسنامە بۆ هەموو گەڕاوەکان دەربکرێت.