پەرلەمانی عێراق ناوی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، لیستی ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە بۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، 15 کەس لە کۆی گشتی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەش کردبوو، مەرجە یاساییەکانیان تێدا بەدی کراوە و ناویان لە لیستی کۆتاییدا جێگیر کراوە.
لیستی ناوی کاندیدە پەسەندکراوەکان بەم شێوەیەیە:
1. شوان حەوێز فەریق نامیق
2. ئەحمەد عەبدوڵڵا توفیق ئەحمەد
3. حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری
4. نەجمەدین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا
5. ئاسۆ فەرەیدون عەلی
6. سامان عەلی ئیسماعیل شالی
7. سەباح ساڵح سەعید
8. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی زاهیر
9. عەبدولەتیف محەممەد جەمال ڕەشید شێخ محەممەد
10. ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین حلێوی
11. نزار محەممەد سەعید محەممەد کەنجی
12. سەردار عەبدوڵڵا مەحموود تایمز
13. فوئاد محەممەد حوسێن بەگی
14. موسەننا ئەمین نادر
15. نەوزاد هادی مەولوود
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەر کاندیدێک کە ناوی لەم لیستەیەدا نییە، مافی ئەوەی هەیە لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە دەرچوونی ئەم ئاگادارییەوە، تانە لە بڕیارەکە بدات لە دادگای باڵای فیدراڵی. پێشکەشکردنی تانەکەش بە نووسراوێکی فەرمی دەبێت.
پرۆسەی وردبینیکردن لە ناوی کاندیدەکان لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە بەڕێوەچووە، کە تێیدا ڕەچاوی مەرجگەلێکی وەک پێشینەی تاوان و بڕوانامەی خوێندن کراوە.
پێشتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە و تا ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 81 کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردبوو.
هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق
1. پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن.
2. گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.
3. گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو): ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم. لەم گەڕەدا، تەنها ئەو دوو کاندیدە ڕکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.
4. سەرۆکی هەڵبژێردراو: دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.
بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ.
شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک کۆماری عێراق، کۆشکی 'سەلام'ـە لە ناوچەی سەوزی بەغدا و لەوێوە ڕۆژانە کاروبارەکانی وڵات بەڕێوەدەبات.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات.