پارێزگاری نەینەوا داوادەکات هاوشێوەی هەرێمی کوردستان پارێزگاکەی ئاوەدان بکرێتەوە
مەزەندە دەکات بڕی 7 ملیار دۆلار بەشی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکەی بکات

K24 - هەولێر
پارێزگاری نەینەوا رایدەگەیەنێت، بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکەی، دەبێت سوود لە ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرن.
پارێزگای نەینەوا، بەتایبەتی شاری موسڵی سەنتەری پارێزگاکە بەهۆی داگیرکردنی لەلایەن چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 و دواتر شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی، بەشێکی زۆری وێران بوو و چەند ملیار دۆلاری پێویستە بۆ ئەوەی ئاوەدان بکرێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمی، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد، رووبکاتە وەبەرهێنان بەهەمان شێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پارێزگاکەی ئاوەدان بکاتەوە.
ئەو گوتانەی نەجم جبووری لەکاتێکدان، شارەزایانی ئابووری مەزەندە دەکەن بەهای ئەو زیانەی بەهۆی شەڕی داعش بە پارێزگاکە کەوت بکاتە 15 ملیار دۆلار، بەڵام پارێزگاری نەینەوا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، مەزەندە دەکات بڕی 7 ملیار دۆلار بەشی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکەی بکات.
ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای نەینەوا دەستیپێکردووە، بەڵام لە ئاستێکی باڵادا نییە و هەرچەندە لە ساڵی 2017 بەفەرمی کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق راگەیەندراوە، کەچی دوێنێ (هەیینی، 11-12-2020) فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا کرایەوە کە لەلایەن داعشەوە وێرانکرابوو کاتێک شارەکە لەژێر دەسەڵاتیدا بوو.