مووسا ئەحمەد: حکوومەتی عێراق بەرانبەر ئاوارەکان کەمتەرخەمە
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە میانی کردنەوەی نانەواخانەیەک لە کەمپی ئاوارەکان لە شێخان، ڕایگەیاند، ئەرکی ئێمەیە خزمەتی ئاوارەکان بکەین و ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین.
پێنجشەممە، 15 کانوونی دووەم، 2026، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە پەیامنیری کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ کەمبوونەوەی یارمەتییەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا، دۆخی گوزەرانی ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان سەخت بووە. ئێمە وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنیان بیکەین.
مووسا ئەحمەد، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: حکوومەتی عێراق، بەتایبەتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەرانبەر بەم ئاوارانە کەمتەرخەمە. لە کاتێکدا زۆربەیان هاووڵاتی عێراقین، ئەمەش ئەرکی ئێمەی گرانتر کردووە. ئەمڕۆ لێرە، ئەم نانەواخانە دەکەینەوە کە خزمەتێکی گەورە بە دانیشتووانی کەمپەکە دەگەیەنێت. لە لایەکەوە ژمارەیەک لە گەنجان کاری تێدا دەکەن و لە لایەکی دیکەوە، نان بۆ دانیشتووانەکەی دابین دەکات.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەختی کردەوە لەوەی "ئەم نانەواخانەیە، بە خۆڕایی نان دەداتە ئەو خێزانانەی کە باری داراییان خراپە یان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە. لێرەوە داوا لە خێرخوازان دەکەم هاوکاریمان بکەن بۆ دابینکردنی ئارد بۆ ئەم نانەواخانەیە تاوەکوو لە خزمەتکردن بەردەوام بێت."
مووسا ئەحمەد، گوتیشی: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە، وەکوو پێویست هاوکاریی ئەم خەڵکە ناکەن و دەتوانم بڵێم زۆر کەمتەرخەمن؛ بۆ نموونە، ساڵی ڕابردوو لە جیاتی 12 بەشەخۆراک، تەنیا چوار بەشەخوراک دراوەتە ئاوارەکان. لە کاتێکدا بودجەی تایبەتی بەشەخۆراک بۆ وەزارەتەکە دابین کراوە.ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە لە دەرەوەی کەمپەکاندا لە هەرێمی کوردستان دەژین، کەچی حکوومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک یارمەتییان نادات.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی:سەرباری سەرما و سۆڵە، حکوومەتی عێراق هیچ بڕە نەوتێکی بۆ دانیشتووانی ئەم کەمپانە دابین نەکردووە. ئێمە سکاڵا و گلەیی خۆمان گەیاندووەتە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵامێکی کردەییمان وەرنەگرتووە.