پاسپۆرتی عێراقی بۆ ئەمساڵیش لە خراپترینەکانە و تەنیا لە پێش سووریا دێت

بەپێی نوێترین پۆلێنکردنی ساڵی 2026، پاسپۆرتی عێراقی هێشتا لە ڕیزبەندیی کۆتایی پاسپۆرتە جیهانی و عەرەبییەکانە و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە پلەی 20ـەم دێت.

بەگوێرەی پێنوێنی  (Henley Passport Index) بۆ ساڵی 2026، جیاوازییەکی گەورە لە ئاستی ئازادیی گەشتکردن لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا هەیە، کە بەپێی داتاکان، پاسپۆرتی عێراقی لە ڕووی ئازادیی جووڵە و گەشتکردنـەوە یەکێکە لە لاوازترینەکان و لە پلەی 20ـەمی وڵاتانی عەرەبیدایە، بەمەش تەنیا یەک پلە لە پێش پاسپۆرتی سوورییاوەیە کە لە پلەی 21 و کۆتایی لیستەکەدایە.

ڕیزبەندیی وڵاتانی عەرەبی
بەپێی ڕاپۆرتەکە، وڵاتانی کەنداو پێشەنگی بەهێزترین پاسپۆرتە عەرەبییەکانیان گرتووە:
1- ئیمارات (پلەی یەکەم)
2-قەتەر (پلەی دووەم)

3- کوەیت (پلەی سێیەم)
4- سعودیە (پلەی چوارەم)
5- بەحرێن (پلەی پێنجەم)
6- سەڵتەنەتی عومان (پلەی شەشەم)

لە دوای وڵاتانی کەنداو، وڵاتانی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێن، کە مەغریب لە پلەی حەوتەم، تونس هەشتەم، مۆریتانیا نۆیەم، جەزائیر دەیەم، ئوردن 11، میسر 12، جیبۆتی 13 و لوبنان لە پلەی 14ـەم دایە.

عێراق لە کوێی لیستەکەدایە؟
لە بەشی کۆتایی و لاوازترین پاسپۆرتەکاندا، سوودان لە پلەی 15، لیبیا 16، فەڵەستین 17، سۆماڵ 18 و یەمەن لە پلەی 19 دێت.
عێراق لە پلەی 20ـەم دێت و تەنیا پێش سووریا کەوتووە.

ئەم پۆلێنکردنەی دەزگای هێنلی پشت بە داتاکانی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی (IATA) دەبەستێت، کە پێوەری سەرەکی بریتییە لە ژمارەی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتی دەتوانێت بەبێ ڤیزا یان بە وەرگرتنی ڤیزا لە فڕۆکەخانە (Visa on Arrival)  گەشتی بۆ بکات.