وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا: ئەگەر ناچار نەبوون سەردانی ئیسرائیل مەکەن
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە هۆکاری پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری دروستبوونی شەڕ، داوای لە هاووڵاتییانی دەکات، ئەگەر زۆر ناچار نەبن سەردانی ئیسرائیل نەکەن.
پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لە گەشتکردن بۆ ئیسرائیل یان هەر ناوچەیەکی نزیک فەڵەستین خۆیان بەدوور بگرن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، مەترسی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە لە زیادبوونە، هەروەها پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکەش دەتوانێت ببێتە هۆی پچڕانی گەشتەکان.
ئەم هۆشدارییەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بۆ هاووڵاتییانی، دوای ئەوە دێت، ئەمەریکا و ئیسرائیل لە بارەی دروست بوونی گرژییەکانی ئەم دواییەی ئێران هۆشدارییەکانیان توندتر بووە.
پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، کارۆڵاین لێڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەھۆی ھۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئێران 800 سزای لە سێدارەدانی ڕاگرت و پەیوەندیی و گفتوگۆمان لەگەڵ ئێران ھەبووە و بە وەردی چاودێری بارودۆخی ئێران دەکەین.
هەروەها گوتی: سەرۆک ئەمەریکا ھۆشداری توندی دایە بەرپرسانی ئێران و هەموو بژاردەکان لەسەر مێز بۆ سەرۆک کۆمار ماونەتەوە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی جەخت لەوە دەکاتەوە، دۆناڵد ترەمپ، هۆشداری توندی داوەتە تاران لە ئەگەر کوشتنی خۆپێشاندەران بەردەوام بن، ئەنجامی قورسی دەبێت.