شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە ڤییەننایە و ڕێککەوتنێک لەگەڵ نەمسا واژۆ دەکات
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ڤییەننای پایتەختی نەمسا.
بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانە، تاوتوێکردنی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی فەرمییە لە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری، بازرگانی و پرسی پەنابەران، کە بڕیارە لەنێو باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا ئەنجام بدرێت.
بڕیارە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای نەمسا ئەنجام بدات، کە یەکەمیان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەبێت.
تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان چڕدەبێتەوە سەر بەهێزکردنی هەماهەنگییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا، ئەم سەردانە جیاواز لە دیدارەکانی دیکە، بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەک کۆتایی دێت کە هەموو ئەو بابەتانەی قسەیان لەسەر دەکرێت، دەبنە کردار و لە داهاتوودا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
بانگهێشتکردنی شاندەکەی هەرێم بۆ نێو باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی نەمسا، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گرنگیپێدانی ئەو وڵاتە بە پێگەی هەرێمی کوردستان، هەردوو لا مەبەستیانە لە ڕێگەی ئەم دیدارە نوێیەوە، پەیمانی هاوپەیمانی و پشتیوانی نێوانیان دووپات بکەنەوە و ئاستی هاوکارییەکان بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووتر بگوازنەوە.
وڵاتی نەمسا لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی کارای لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گێڕاوە و یەکێک بووە لە پشتیوانە سەرەکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەو وڵاتە چەندین ڕاهێنەری سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە بە مەبەستی مەشقپێکردن بە پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆردا،ئەم مێژووە لە هاوکاری سەربازی و ئەمنی، بونیادێکی بەهێزی بۆ پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەولێر و ڤییەننا دروست کردووە کە ئێستا بەرەو بوارەکانی ئابووری و بازرگانیش فراوان دەبێت.