نیوزیلاند باڵیۆزخانەکەی لە تاران داخست

ستافە دیپلۆماسییەکەی گواستەوە تورکیا

باڵیۆزخانەی نیوزلەندا لە تاران
باڵیۆزخانەی نیوزلەندا لە تاران

حکوومەتی نیوزیلاند بە شێوەیەکی کاتی باڵیۆزخانەکەی لە تاران داخست و تەواوی ستافە دیپلۆماسییەکەی لەو وڵاتە کشاندەوە.

 وەزارەتی دەرەوەی نیوزیلاند ڕایگەیاند: کارەکانی باڵیۆزخانەکەیان لە تارانی پایتەختی ئێرانەوە بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا گواستووەتەوە و هۆشداریی توندی داوەتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەوانەشی لەوێ ماونەتەوە، پێویستە دەستبەجێ خاکی ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی نیوزیلاند ئاشکرای کرد، ستافی دیپلۆماسی وڵاتەکەیان شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکانەوە بە سەلامەتی تارانیان جێهێشتووە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە توانای پێشکەشکردنی هاوکارییە کونسوڵگەرییەکان بۆ هاووڵاتییانی نیوزیلاند لە ناو ئێراندا زۆر سنووردار بووە، هاوکات ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم هێڵەکانی پەیوەندی وای کردووە کە هاووڵاتییان نەتوانن بە ئاسانی لەگەڵ کەسوکاریان لە دەرەوە پەیوەندی بکەن.

ئەم بڕیارەی نیوزلەندا لە کاتێکدایە، فەڕەنسا باڵیۆزخانەکەی لە تاران چۆڵ کرد و سویدیش هۆشداریی کۆتایی دایە هاووڵاتییانی بۆ جێهێشتنی دەستبەجێی ئەو وڵاتە، ئەم هەنگاوە نوێیانە کە لە 12ی کانوونی دووەمی 2026 ڕاگەیەندران، تەواکەری زنجیرە بڕیارێکی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ کشانەوە لە ئێران، پێشتریش بەریتانیا هەمان ڕێکاری لە تارانی پایتەختی ئێران گرتەبەر.