بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: مافەکانی کورد بە مەرسوومی کاتی ناپارێزرێن و دەبێت لە دەستووردا بچەسپێنرێن
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی ئەو مەرسوومەی دایەوە کە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی کاتییەوە دەرچووە و تایبەتە بە مافەکانی گەلی کورد، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایدەگەیەنێت، مەرسوومە کاتییەکان ناتوانن زەمانەتی پاراستنی مافەکان بن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دەرکردنی هەر مەرسوومێک، هەرچەندە نیازەکەشی باش بێت، ناتوانێت ببێتە زەمانەتێکی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکانی سووریا، مەگەر نەبێتە بەشێک لە چوارچێوەیەکی دەستووریی گشتگیر." بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت لەوە دەکاتەوە، مافەکان تەنیا لە ڕێگەی دەستوورێکی هەمیشەییەوە دەچەسپێن کە گوزارشت لە ئیرادەی هەموو پێکهاتەکان بکات.
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنیان بۆ مەرسوومەکەی شەرع، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوەدەکات، "ئەگەرچی دەکرێت وەک هەنگاوێکی یەکەم سەیر بکرێت، بەڵام وەڵامدەرەوەی خواست و ئومێدەکانی گەلی سووریا نییە کە قوربانییەکی زۆری لەپێناو مافە ڕەواکانیدا داوە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی کراوە و داوای داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراتیی فرەیی کراوە کە پارێزەری مافی سەرجەم ئایین و پێکهاتەکان بێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتیشی کردووەتەوە، "چارەسەری ڕیشەیی بۆ پرسی کورد و ماف و ئازادییەکان لە سووریا، تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیر و دەستوورێکی دیموکراتیی لامەرکەزییەوە دەبێت کە بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دابنێت."