زاخۆ دەیەوێت یاریزانێكی لەگەڵ قوە جەوییە بگۆڕێتەوە
چارەنووسی شەش یاریزان لە گواستنەوەی زستانە یەكلایی دەبێتەوە
بازاڕی گواستنەوەی زستانەی خولی ئەستێرەكانی عێراق تا دێت گەرمتر دەبێت، یانەی زاخۆ دەیەوێت حەمید عەلی یاریزانی لاوی یانەكەی لەگەڵ یاریزانێكی قوە جەوییە بگۆڕێتەوە، لە لایەكی دیكەیشەوە هیران ئازاد یانەی نەورۆزی جێهێشت و بەرەو زەورا بەڕێدەكەوێت. لە لایەكی دیكەیشەوە هێرشبەرێكی ئەرجەنتینی بۆ یانەی هەولێر بەڕێوەیە.
هێرشبەرێكی ئەرجەنتینی دەگاتە هەولێر
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، لە چەند كاتژمێری داهاتوو كریستیان باركۆی هێرشبەری سەرەڕمی ئەرجەنتینی تەمەن 25 ساڵ پەیوەندی بە یانەی هەولێر دەكات، ئەم یاریزانە گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر واژۆ كردووە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.
پێشتر باركۆ یاریی بۆ یانەكانی ئاتڵەنتان یونایتدی ئەمریكی و گیامنسایی ئەرجەنتینی و كلۆپ ئاتڵێتیكۆ مێتری ئەرژەنتینی و چەندان یانەی دیكە كردووە، وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی گوابێرا لە 25 یاری، 5 گۆڵ و 8 ئەسیستی كردووە.
زاخۆ بەنیازە حەمید عەلی لەگەڵ یوسف فەوزی بگۆڕێتەوە
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 حەمید عەلی یاریزانی زاخۆ سوورە لەسەر ئەوەی لە یانەی زاخۆ بڕوات و تاوەکو ئێستا بەرپرسانی یانەی زاخۆ نەیانتوانیوە رازی بکەن هەر لە زاخۆ بمێنێتەوە، قوە جەوییەش هاتووەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی ئەو بەرگریکارەی زاخۆ بباتە ریزەکانی.
زاخۆ و قوە جەوییە لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی حەمید عەلی و یوسف فەوزی لەگەڵ یەکترۆ بگۆڕنەوە، حەمید عەلی لە زاخۆوە بچێتە قوە جەوییە، لە بەرامبەردا یوسف فەوزی لە قوە جەوییەوە بچێتە زاخۆ، بەڵام هێشتا هەردوولا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
یانیک زاکری لە دهۆک دەمێنێتەوە
کوردستان24 ئاشکرای دەکات، کێشەکانی نێوان یانیک زاکری و یانەی دهۆک کۆتایی هاتووە و هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون یاریزانە کۆتدیڤوارییەکە لە دهۆک بەردەوام بێت، کە نزیکبوو لەم مانگە بچێتە ریزەکانی یانەی هەولێر.
یانیک زاکری هێرشبەری کۆتدیڤواری دوای گفتوگۆیەکانی لەگەڵ عەبدولغەنی شەهد، دەستی بە مەشق و راهێنانەکانی کردووەتەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە راهێنانەکانی یانەکەی دابڕابوو بۆ یارییەکانی دهۆکیش بانگهێشت نە دەکرا.
یانیک زاکری لەلایەن هەولێرەوە کرابووە ئامانج و یانەکەی پایتەخت دەیەویست لە مێرکاتۆی زستانە بیگوازێتەوە، بەڵام دهۆک ئامادە نەبوو مافی دەستبەرداربوونی پێبدات.
ماڕادۆنا دەیەوێت بچێتە یانەیەكی ئیندۆنیزی
کلاودیۆ ئۆلیڤێرا ماڕادۆنا لەلایەن یانەیەکی ئیندۆنیزی کراوەتە ئامانج، بەڵام هێشتا نەورۆز ئامادە نییە دەستبەرداری ببێت و لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو چارەنووسی ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە یەکلایی دەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 یانەی پێرسیجاپ جێپارای ئیندۆنیزی بە جددی هاتووەتە سەر هێڵ و دەیەوێت کلاودیۆ ماڕادۆنا هێرشبەری نەورۆز بگوازێتەوە ریزوکانی لەکاتێکدا ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ نەورۆز هەیە.
یانە ئیندۆنیزییەکە کە لە خولی ئیندۆنیزیا لە لێواری دابەزیندایە، دەیەوێت هەرچۆنێک بێت بە خواستن یان بە هەمیشەیی ماڕادۆنا بگوازێتەوە ریزەکانی و بە زارەکیش لەگەڵ یاریزانەکە رێککەوتووە، بەڵام هێشتا لەگەڵ نەورۆز نەگەیشتووەتە رێککەوتن.
هیران ئازاد پەیوەندی بە زەورا دەكات
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هیران ئازاد یاریزانی نەورۆز لە بەغدا گرێبەستەکەی لەگەڵ زەوڕا واژۆ کرد و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکەی بەغداوە دەکات کە پێشتریش دوو وەرز لەمەوبەر پەیوەندی بە ریزەکانی ئەو یانەیەوە کردبوو.
کوردستان24 زانیویەتی، هیران ئازاد گرێبەستەکەی لەگەڵ زەوڕا واژۆ کردووە، بەڵام هێشتا ماوە مافی دەستبەرداربوونەکەی لە نەورۆز وەربگرێتەوە و بەفەرمی پەیوەندی بە ریزەکانی نەورۆزەوە بکات، هەرچەندە ئەو هێرشبەرە کوردە هەموو شتێکی تەواو بووە و یاریزانەکەی پیشووی دهۆک و قوە جەوییە لە شەش مانگی داهاتوو درێسی زەوڕا دەپۆشێت.
ئیبراهیم غازی درێسی یانەی موسڵ دەپۆشێت
ئیبراهیم غازی هێرشبەری لاوی کورد لە نەفتەوە چووە ریزەکانی موسڵ و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە درێسی یانەی موسڵ دەپۆشێت ئەمەش لە كاتێكدایە موسڵ بۆ ریزی خولی ئەستێرەکانی عێراق سەركەوتووە و یەکەمجارە لەو خولە یاریی دەکات و سەرجەم یارییەکانیشی لە یاریگای دهۆک دەکات.
دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ نەفت هەڵوەشاندەوە، ئیبراهیم غازی نزیکبوو بچێتە ریزەکانی هەولێر یان بگەڕێتەوە دهۆک، بەڵام دواجار هێرشبەرەکەی پێشووی نەورۆز و حدوود و زەوڕا پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی موسڵ کرد و دوێنێ لەلایەن یانەکەیەوە بە میدیاکان ناسێنرا.
زاخۆ بەفەرمی هێرشبەرێكی پیشەگەری گواستەوە
یانەی زاخۆ رایگەیاندووە، پا عومەر جۆب هێرشبەری گامبیایی تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە درێسی یانەکەیان دەپۆشێت کە ئەو هێرشبەرە 27 ساڵانە لە یانەیەکی جەزائیرییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی زاخۆوە کردووە و دوێنێ لە زاخۆ گرێبەستەکەی واژۆ کرد و بووە شەشەمین گرێبەستی مێرکاتۆی ئەم زستانەی کوڕانی خابوور.
ئەم هێرشبەرە گامبیاییە کە دوو یاریی نێودەوڵەتی بە درێسی هەڵبژاردەکەی کردووە، لەم وەرزە لەگەڵ یانەی ئێم سی ئۆرانی جەزائیری لە شەش یاری 205 خولەک بە درێسی یانەکەی یاریی کردووە و تەنیا ئەسیستێکی کردووە.