کاردانەوەی دەستەی خەڵاتی نۆبڵ بەرامبەر دیارییەکەی ماچادۆ بۆ دۆناڵد ترەمپ

دەستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە نەرویج ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی ماریا کۆرینا ماچادۆ، براوەی خەڵاتی ئاشتیی بۆ ساڵی 2025، مەدالیاکەی خۆی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کرد.

دەستەی خەڵاتی نۆبڵ جەختی کردەوە، کە خەڵاتی نۆبڵ لە ڕووی مێژوویی و مەعنەوییەوە تەنها پەیوەستە بەو کەسەی کە بە فەرمی وەریگرتووە و "ناتوانرێت ئەو شەرەفە بگوازرێتەوە بۆ کەسی تر"، تەنانەت ئەگەر براوەکە بڕیار بدات مەدالیا فیزیاییەکە ببەخشێت یان بیفرۆشێت.

دەستەکە ڕوونیکردووەتەوە، ڕێساکانی دامەزراوەکە هیچ سنوورێکیان دانەناوە بۆ ئەوەی براوەکە چی لە مەدالیاکەی دەکات؛ دەتوانێت بیبەخشێت، بیفرۆشێت یان هەر مامەڵەیەکی دیکەی پێوە بکات، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە ناوی براوەی خەڵاتەکە دەگۆڕدرێت.

ئەم مشتومڕە دوای ئەوە دروست بوو کە ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلا و براوەی نۆبڵی 2025، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا مەدالیاکەی خۆی وەک دیاری دایە دۆناڵد ترەمپ، ماچادۆ ئاماژەی بەوەشکرد، رۆڵی ترەمپ لە دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی، وایکردووە کە ناوبراو شایستەی ڕاستەقینەی خەڵاتی ئاشتی بێت.