سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک کۆدەبێتەوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک کۆدەبێتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکەن.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، لە پیرمام، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ سووریا؛ بەڕێوەدەچێت.
چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا؛ چەندان پرسی گرنگ تاوتوێ بکرێن، گرنگترینیان جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی 10ـی ئاداری نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق، دۆخی گشتیی سووریا و شەڕەکەی ئەم دواییەی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا؛ گەیشتنە هەولێر.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024، سەرۆک بارزانی چەندین هەنگاوی گرنگ و ستراتیژی بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ناوە.
سەرۆک بارزانی بەردەوام دڵنیایی داوەتە وڵاتان، کورد لە سووریا نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکان، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت مافە نەتەوەییەکانی پارێزراو بن.