هەسەدە: دیمەشق بە تانک هێرشی کردە سەرمان و ژمارەیەک شەڕڤان کوژراون
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی، بە چەکی قورس و تانکەوە هێرشیان کردووەتە سەر خاڵەکانیان لە رۆژئاوای ڕەققە و بەهۆیەوە ژمارەیەک شەڕڤان کوژراون.
ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ناوچەی "دەبسی عەفنان" پێکدادان دروستبووە، هەسەدە دەشڵێت، "ئەمە هێرشێکی بە ستەم بووە، چونکە بەپێی ڕێککەوتنەکە ئاگربەست هەبووە و مۆڵەتی 48 کاتژمێر دیاری کرابوو تا هێزەکانمان لە دێر حافر و مەسکەنە بکشێنەوە."
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، حکوومەتی دیمەشق پێش تەواوبوونی وادەی کشانەوەکە، کاروانی سەربازی و تانکی بردووەتە ناوچەکە و هێرشی کردووە.
هەسەدە لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە چاودێری ڕێککەوتنەکەیان کردووە، بە بەرپرسیار دەزانێت لەم خوێنڕشتنە و داوای دەستوەردانی بەپەلە دەکات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دیمەشق، پێش ئەوەی دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت.
هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، نووسیویەتی: بڕیارێکی یەکلاکەرەوەمان سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەرکرد و هێزەکانمان بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات دەکشێنینەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، گوتی: لە وەڵامی داواکاری وڵاتانی دۆست و نێوەندگیر، هەروەها بۆ دەربڕینی نیازپاکی لە بەرانبەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانمان دا.
هاوکات پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانیان، ئەمڕۆ شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتژمێر 7ـی بەیانییەوە دەستیپێکرد.