زیقار.. ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە زیادبوونە
هەرچەندە پارێزگاری زیقار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردووە کە شارەکە لە تیشکدانەوەی خراپ پاک بووەتەوە، بەڵام دۆخەکە شتێکی دیکە دەڵێت، هەزاران کەس بەدەست نەخۆشیی پەیوەست بە پیسبوونی ژینگەوە گیرۆدەن، کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست کردووە. خەڵک لە داهاتووی منداڵەکانیان دەترسن، حکوومەت و لایەنی پەیوەندیداریش هیچ هەنگاوێکیان نەگرتووەتە بەر.
هاووڵاتییەکی شارەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ژیانمان زۆر ناخۆشە و بەردەوام لەبەردەم هەرەشەی مەرگداین، ماندوو بووین، بەڵا و نەهامەتییەکانمان زۆر زۆرن، کێشەی پیسیی هەوامان هەیە بەهۆی تیشکدانەوە. ئێستا لە گەڕەکی نوور 15 ماڵ لە تەنیشت یەکەوە تووشی نەخۆشی هاتوون.
ژمارەی ئەو کەسانە لە پارێزگای زیقار کە بەهۆی تیشکدانەوەی زیانبەخشەوە تووشی نەخۆشی هاتوون ڕوو لە بەرزبوونەوەیە، زیاتر ئافرەتان کاریگەر دەبن بە تیشکدانەوە. "دایکی حەسەن" دەڵێت تەواوی خێزانەکەی بەهۆی تیشکدانەوەی زیانبەخشەوە تووشی شێرپەنجە هاتوون، ئەوەش ترسی لە داهاتووی ژیانی خێزانەکە دروست کردووە.
دایکی حەسەن گوتی: خۆم تووشی شێرپەنجە بووم لە گەدەمدا، باوکم مرد بەو هۆیەوە، کچەکەشم تووشی شێرپەنجە بووە، تەنها لە ناوچەکەی ئێمە 15 کەس تووشی شێرپەنجە بوون، هۆکاری نەخۆشییەکەمان تیشکدانەوە و پیسبوونی ژینگەکەمانە. پێش جەنگی عێراق هیچ کێشەیەکمان نەبوو، بەڵام دوای ئەوە هەموو نەخۆش کەوتین.
زیقار لەبەردەم ئاڵنگاری و هەرەشەی گەورە و جدی دایە، پێویستی بەوەیە حکوومەت بەپەلە بەدەمەوە بچێت و کاریگەرییەکانی تیشکدانەوە بوەستێنێت، بۆ ئەوەی ژیانی هەزاران هاووڵاتی پارێزراو بێت، پێش ئەوەی دۆخەکە سەربکێشێت بۆ کارەساتێکی مرۆیی گەورە.