ئیندۆنیزیا پێشنیازی ناوەندگیریی نێوان تاران و واشنتن دەکات

 ئیندۆنیزیا وەک یەکەم لایەنی دەرەوەی ناوچەکە دێتە سەر هێڵی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران و ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیریی و رێگریکردن لە تەقینەوەی سەربازی نیشان دەدات.

لە کاتێکدا گرژییە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک، و ئێران لە لایەکی دیکە بە خێرایی پەرەدەسێنن، ئیندۆنیزیا وەک یەکەم لایەنی دەرەوەی ناوچەکە دەردەکەوێت کە پێشنیازی نێوەندگیریی بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە دەکات.

ئەم دەسپێشخەرییەی جاکارتا لە کاتێکدایە کە چالاکییە سەربازییەکان لە دەوروبەری ئێران بە شێوەیەکی بێوێنە چڕبوونەتەوە؛ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ژێرخانە سەربازی و مووشەکییەکانی تارانیان کردووەتە ئامانج، لە بەرانبەریشدا تاران مەودای وەڵامدانەوەکانی فراوانتر کردووە بۆ سەر ئیسرائیل و ناوچەی کەنداو.

هەرچەندە ئیدۆنیزیا خاوەن قورساییەکی سەربازیی گەورە نییە، بەڵام لە جیهانی ئیسلامیدا خاوەن پێگەیەکی دیپلۆماسی بەهێزە و پەیوەندییەکی جێگیری لەگەڵ پایتەختە رۆژئاوایی و ئاسیاییەکان هەیە. ئەم هەنگاوەی جاکارتا ئاماژەیە بۆ درککردنی پێشوەختە بەوەی کە ئەگەر گرژییەکان بەم شێوەیە بەردەوام بن، دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.

هەوڵە دیپلۆماسییەکانی جاکارتا
وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، برابۆو سۆبیانتۆ سەرۆکی وڵاتەکە، ئامادەیی خۆی نیشانداوە گەشت بۆ تاران بکات بە مەبەستی نێوەندگیریی لە نێوان ئێران و واشنتن، بەو مەرجەی هەموو لایەنەکان رەزامەند بن. لەو چوارچێوەیەشدا، سوجیۆنۆ وەزیری دەرەوەی ئیندۆنیزیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەکەی ئەنجامدا و جەختی لە کردنەوەی رێگەی گفتوگۆی سیاسی کردەوە.

هاوکات سەرۆکی ئیندۆنیزیا لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات، پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پێویستی راگرتنی جموجۆڵە سەربازییەکان کردەوە.

گوشارەکان لەسەر تاران
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە رژێمی ئێران رووبەڕووی گوشارێکی فرە رەهەند بووەتەوە؛ لە لایەک زیانی مەیدانی و لە لایەکی دیکە ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان و سزاکانی ئەمریکا. شارەزایان پێیان وایە وەڵامدانەوە سەربازییەکان مەترسییەکانی سەر سەرکردایەتی تاران لە ناوخۆ و دەرەوە زیاتر دەکات.

دیپلۆماسییە هێمنەکان و ئەزموونە جیهانییەکان
پێشنیازەکەی ئیندۆنیزیا بەشێکە لە ستایلی "دیپلۆماسی هێمن" کە تێیدا وڵاتانی خاوەن قورسایی مامناوەند لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا دەبنە نێوەندگیر. مێژووش چەندین ئەزموونی هاوشێوەی تۆمار کردووە و دیارترینیان بریتین لە:

1- سەڵتەنەتی عومان: رۆڵی سەرەکی گێڕا لە کردنەوەی کەناڵی نهێنی نێوان ئەمریکا و ئێران پێش رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015.
2- نەرویج: لە سەرەتای نەوەدەکاندا میوانداری گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلی کرد کە بووە هۆی رێککەوتنی ئۆسلۆ لە ساڵی 1993.
3- فینلەندا: نێوەندگیریی لە نێوان حکوومەتی ئیندۆنیزیا و بزووتنەوەی ئاچی کرد و لە ساڵی 2005 رێککەوتنی ئاشتی واژۆ کرا.
4- سەنگاپوورە: لە ساڵی 2018 بووە سەکۆیەک بۆ کۆبوونەوەی مێژوویی نێوان دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون.

لە کۆتاییدا، سەرکەوتنی هەر هەوڵێکی دیپلۆماسی بەندە بە رادەی ئامادەیی لایەنە سەرەکییەکان بۆ پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیان، نەک تەنیا دەربڕینی ئارەزووی نێوەندگیریی.