ترەمپ بۆ ئەوروپا: یان گرینلاندمان پێ دەفرۆشن یان سزای گومرگیتان بەسەر دەسەپێنم
ماکرۆن: هیچ هەڕەشەیەک کارمان لێ ناکات
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە باجی گومرگی دەخاتە سەر کاڵای 8 وڵاتی ئەوروپا و باجەکەش بەردەوام بەرز دەبێتەوە، تا ئەو کاتەی ڕازی دەبن دوورگەی گرینلاند بە ئەمریکا بفرۆشن؛ هاوکات لە وەڵامدا، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت: هیچ هەڕەشەیەک کارمان لێ ناکات
شەممە 17ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: وڵاتەکەی ساڵانێکی زۆرە بەبێ وەرگرتنی باج پاڵپشتیی دارایی دانیمارک و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای کردووە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە قەرەبووی ئەمریکا بکرێتەوە.
ترەمپ ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی 1ی شوباتی 2026ەوە، بە ڕێژەی 10% باجی گومرگی دەخاتە سەر تەواوی ئەو کاڵایانەی لە دانیمارک، نەرویج، سوید، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، هۆڵەندا و فینلاند ڕەوانەی ئەمریکا دەکرێن
هەروەها هۆشداریداوە کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، لە 1ی حوزەیرانی 2026ەوە ڕێژەی باجەکە بۆ 25% بەرز دەکرێتەوە.
ترەمپ مەرجی لابردنی ئەو سزایانەی بەستووەتەوە بە کڕینی تەواوەتیی دوورگەی گرینلاند لەلایەن ئەمریکاوە.
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: چین و ڕووسیا چاویان بڕیوەتە گرینلاند و دانیمارک ناتوانێت بیپارێزێت، چونکە تەنیا دوو گالیسکەی سەگیان بۆ پاراستن هەیە،
ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، کڕینی گرینلاند پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ سیستەمی بەرگریی نوێی ئەمریکا ناسراو بە گومبەزی زێڕین، کە بەبێ جوگرافیای گرینلاند سیستەمەکە بە کارایی تەواو کار ناکات، باسی لەوەش کرد، کەس دەست بۆ ئەم پارچە خاکە پیرۆزە نابات جگە لە ئەمریکا.
لە وەڵامی ترەمپ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت: هیچ هەڕەشەیەک لە بارەی گرینلاند و ئۆکرانیا کارمان لێ ناکات، هاوکات ئەو هەڕەشانە بە تەواو قبووڵ کراو نین و ڕەتییان دەکەینەوە.
سەرۆکی فەرەنسا باسی لەوەش کرد، ئەگەر ئەو هەڕەشانە پشتڕاست بکرێنەوە، ئەوروپییەکان بە شێوەیەکی یەکگرتوو و هەماهەنگ وەڵامیان دەبێت. ئێمە زامنی ئەوە دەکەین کە سەروەریی ئەوروپا پارێزراو بێت.
ماکرۆن ئاماژەشی دا، هەر لەم سۆنگەیەوەیە کە من گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانمان ئەنجام دەدەم.