پسپۆڕان کار بۆ یەکخستنی زمانی کوردی دەکەن

لە بازاڕە قەرەباڵغەکانی هەولێر فرەیی و جۆراوجۆریی زمانی کوردی بەڕوونی دەردەکەوێت، شوێنێک کە فرۆشیار و کڕیار بە شێوەزارە جیاوازەکان گفتوگۆ دەکەن. ئەمە بووەتە بنەمایەک بۆ هەوڵی چەندان پسپۆڕ و زمانەوان، ئامانجیان ڕێکخستنەوەی زمانەکە و دروستکردنی شێوازێکی ستانداردە، هەموو کوردێک لێی تێبگات.

لە ماوەی 60 ساڵی ڕابردوودا، بازاڕی هەولێر بووەتە شوێنێک بۆ بەکارهێنانی زۆربەی زاراوە و شێوەزارەکانی کوردی.

 زوهەیر، فرۆشیارێکی تەمەن 50 ساڵ، یەکێکە لەو کەسانەی بەهۆی کارەکەی و مامەڵەکردنی لەگەڵ خەڵکی ناوچە جیاوازەکان، شارەزایی لە زۆربەی شێوەزارەکانی کوردستان پەیدا کردووە. ئەو لە گفتوگۆی لەگەڵ کڕیارەکانیدا دەتوانێت ناسنامەی ناوچەیی ئەوان دیاری بکات. 

زوهەیر ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا لە تێگەیشتنی تەواوی هەردوو زاراوەی هەورامی و کرمانجی کەمێک بەباشی شارەزا نییە. ئەو دەڵێت: "بە حوکمی ئەوەی لە بازاڕدا بووینە و مامەڵە لەگەڵ خەڵکێکی زۆر دەکەین، گوێمان لە زاراوە جیاوازەکان ڕاهاتووە و لێیان تێدەگەین".

لەلایەکی دیکەوە، چەندان پسپۆڕ و زمانەوان لە هەوڵی ڕێکخستنەوەی زمانەکەدان. ئەوان ڕێکخراوێکیان بە ناوی "سۆرمانج" دامەزراندووە، ئامانجیان دروستکردنی شێوازێکی نووسینی هاوبەشە بۆ تێگەیشتنی هەموو کوردستان. 

وەک خۆیان دەڵێن، مەبەستیان سڕینەوەی شێوەزارەکان نییە، بەڵکوو کار بۆ زمانێکی ستاندارد دەکەن، زۆربەی کورد لێی تێبگات. یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەڵێت: "ئێمە نەهاتووین شێوەزارەکان بسڕینەوە، بەڵکوو دەمانەوێت شێوازێکی نووسین دروست بکەین، زۆربەی کورد لێی تێبگات و ببێتە زمانی هەمووان، نەک هی کەسێکی دیاریکراو".

زمانی کوردی بەسەر چوار شێوەزاری سەرەکیدا دابەش بووە: کرمانجی باکوور، کوردیی ناوەندی (سۆرانی)، کوردیی باشووری (خوارین) و لەکی-گۆرانی (هەورامی و زازاکی). ئەم فرەزارییە لە لایەکەوە نیشانەی دەوڵەمەندیی زمانەکە و لە لایەکی دیکەوە ئاستەنگی بۆ دروستبوونی زمانێکی ستانداردی یەکگرتوو دروست کردووە.

 لە ساڵانی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر بۆ ستانداردکردنی زمانی کوردی دراوە، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان کوردیی ناوەندی (سۆرانی) وەک زمانی فەرمی بەکاردەهێنرێت.

لە نوێترین هەوڵەکاندا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە خولی فێربوونی زمانی کوردیی ئۆنلاینی بۆ کوردانی دەرەوەی وڵات کردووەتەوە، فێرکردن بە سێ شێوەزاری سۆرانی، بادینی و کرمانجی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ پاراستنی زمانەکە و ئاشناکردنی نەوەی نوێ بە شێوەزارە جیاوازەکان. هەروەها، زیادکردنی شێوەزاری سۆرانی بۆ وەرگێڕی گووگڵ لە ساڵی 2022دا، هەنگاوێکی گرنگی دیکە بوو لەپێناو ناساندنی زمانی کوردی لەسەر ئاستی جیهانی و ئاسانکاری بۆ پەیوەندیی دیجیتاڵی.

هەوڵی ڕێکخراوی "سۆرمانج" وەک درێژکراوەی ئەو هەوڵانە دێت، ئامانجیان تێپەڕاندنی سنووری شێوەزارەکان و گەیشتنە بە زمانێکی هاوبەشە، لە ناوەندە فەرمی، میدیا و زانستدا بەکاربهێنرێت، ئەمەش پرۆسەیەکی درێژخایەنە و پێویستی بە هاوبەشیی زانایان، نووسەران و دامەزراوە فەرهەنگییەکان هەیە.