ماکرۆن: بە سەرۆکی سووریام گوتووە ئاگربەستی هەمیشەیی زۆر پێویستە
سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی سووریا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە دۆخی ئەمنی، مەرجی سەقامگیریی ئەو وڵاتە بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبەستێتەوە.
یەکشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ئەم بەیانییە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئەنجام داوە و تێیدا تاوتوێی دۆخی ئەمنی و سیاسی ئەو وڵاتەیان کردووە.
ماکرۆن ئاشکرای کردووە، نیگەرانی قوڵی فەرەنسای بە سەرۆکی سووریا گەیاندووە سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکان و بەردەوامی ئەو هێرش و ئۆپەراسیۆنانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە ئەنجام دەدرێن.
سەرۆکی فەرەنسا جەختیشی لە پێویستی ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، لەسەر بنەمای ئەو ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆیانەی لە مانگی ئاداری ڕابردوودا کراون.
ماکرۆن ڕاشیگەیاند: یەکپارچەیی و سەقامگیری سووریا پەیوەستە بەم هەنگاوانەوە.