ئەنقەرە و دیمەشق، جەخت لە پتەویی پەیوەندییەکان دەکەنەوە
سەرۆکی سووریا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، دواین پێشهاتەکانی ناوچەکەی خستە بەر باس. لە پەیوەندییەکەدا هەردوو سەرۆک جەختیان لە گرنگیی و پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە کردەوە و بەڵێنی هەماهەنگیی زیاتریان دا.
بەرەباینی ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)، بڵاوی کردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەنجام دا.
لە میانی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان کرد لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی.
لای خۆیەوە، شەرع جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی یەکپارچەیی خاکی سووریا و پێویستیی سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی سووریادا وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیری.
بە پێی راگەیەنراوەکە، هەردوو سەرۆک جارێکی دیکە جەختیان لە پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، و ئاماژەیان بە گرنگیی هەماهەنگیی نێوانیان کرد لەسەر باڵاترین ئاست، لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆ و ڕاوێژ لەسەر ئەو پرس و دۆسیانەی جێی بایەخی هاوبەشن.
دوێنێ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند.
ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنەکە بریتی بوو؛ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.