توێژینەوەیەک: خۆشۆردن بە ئاوی سارد تا 12 کاتژمێر فشاری دەروونی کەم دەکاتەوە

لەم ساڵانەی دواییدا، بەکارهێنانی ئاوی سارد بۆ چارەسەری تەندروستی، چ لە  رێگەی راکشان لەنێو ئاوی سارد یان خۆشۆردن بە ئاوی سارد، وەک مۆدێلێکی نوێ لەنێو وەرزشواناندا پەرەی سەندووە. 

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە، بەڵام ئێستا زانایان پرسیار دەربارەی کاریگەرییە راستەقینەکانی ئەم رێگەیە لەسەر تەندروستی گشتی دەوروژێنن.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، گرووپێک لە توێژەرانی زانکۆی ساوس ئوسترالیا توێژینەوەیەکی گشتگیریان ئەنجامدا بۆ هەڵسەنگاندنی سوودە تەندروستییەکانی چارەسەر بە ئاوی سارد.

ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریانخستووە، کە ئەم شێوازە رەنگە سوودبەخش بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەندێک سنووردارکردنی تێدایە کە پێویستە رەچاو بکرێن.

شیکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئاوی سارد

توێژەران پشتیان بە داتاکانی 11 توێژینەوە بەستووە کە 3177 کەس تێیاندا بەشداربووە، ئەمەش بە مەبەستی شیکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئاوی سارد لەسەر ئاستی فشار، جۆری خەو و کوالیتی ژیان بە گشتی.

ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەدەن، ڕاکشان لەنێو ئاوی سارددا رەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی فشار بە شێوەیەکی کاتی، بەڵام سوودەکانی کورتخایەنن و بە شێوەیەکی سەرەکی بەگوێرەی بارودۆخەکە دەگۆڕێن.

تارا کاین، توێژەر لە زانکۆی ساوس ئوسترالیا دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی چارەسەر بە ئاوی سارد لە ناوەندە وەرزشییەکاندا جێگەی بایەخە، بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی ئاسایی هێشتا بە تەواوی روون نین."

کەمکردنەوەی فشار و باشترکردنی خەو

توێژینەوەکە دەریخستووە کە ڕاکشان لەنێو ئاوی سارد دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی فشاری دەروونی بۆ ماوەی 12 کاتژمێر.

هەروەها ئەو بەشداربووانەی کە خۆشۆردن بە ئاوی ساردیان خستووەتە نێو رۆتینی رۆژانەیان (بۆ ماوەی 20 بۆ 90 چرکە)، ئاماژەیان بە باشتربوونی کوالیتی ژیانیان کردووە. بەڵام توێژەران تێبینی ئەوەیان کردووە کە ئەم سوودانە دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ نامێنن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە "بەردەوامی" مەرجێکی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی درێژخایەن.

لە لایەکی دیکەوە، دەرکەوتووە کە خۆشۆردنی رێکخراو بە ئاوی سارد، کاریگەریی هەیە لەسەر ئەوەی بە رێژەی 29% لە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی پارێزراو بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران جەخت دەکەنەوە کە هێشتا پرسیار لەسەر ئەو میکانیزمانە ماوە کە دەبنە هۆی ئەم کاریگەرییانە و ئایا ئەم ئەنجامانە هەموو کەسێک دەگرێتەوە یان تەنیا بۆ گرووپێکی دیاریکراوە.