فوئاد حوسێن لە تاران لەگەڵ سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ تاران، لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق سڵاو و پەیامی سەرۆک کۆماری عێراقی گەیاندە پزیشکیان.
سەرۆک کۆماری ئێران تیشکی خستە سەر پەیوەندیی، برایەتی و مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات و جەختی کردەوە سەقامگیری ناوچەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاسایش و گەشەپێدانی هەموو لایەک هەیە.
لای خۆیەوە، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد؛ ئاسایشی ناوچەکە پێکهاتەیەکی دانەبڕاوە و پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی لەبار. هەروەها کورتەیەکی لەسەر پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و نزیکبوونەوە لە تەواوکردنی مەرجە دەستوورییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و پێکهێنانی حکوومەت خستە ڕوو.
لەلایەکی دیکەوە فوائاد حوسێن لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە:
گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە کەرتەکانی بازرگانی، وزە و وەبەرهێنان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونکردنەوەی دا لەسەر بارودۆخی وڵاتەکەی و ئاماژەی بەوە کرد؛ ناڕەزایەتییەکان بە داواکاری ئابووریی دەستیان پێکرد، بەڵام دواتر توندوتیژی لێکەوتەوە و ئێستا دۆخەکە بەرەو سەقامگیری دەڕوات.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە؛ ئاسایشی ئێران بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی گشتیی ناوچەکە و عێراق پابەندە بە پرەنسیپی دراوسێیەتی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی.
لە کۆتایی دیدارەکاندا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دیالۆگ تەنیا ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ئالنگارییەکانە و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە گرژییەکان.